بەپێی بروسكەیەكی ئاسایشی كەركوك، تیمێكی میتی توركیا لە هەولێرەوە چوونەتە كەركوك و لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی شارەكە سووڕاونەتەوە.
بروسكەكە واژووی بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی تاكەكانی كەركوكی لەسەرە، لە 28ی حوزەیرانی ڕابردوو بە نهێنی و پەلە ئاراستەكراوە و تیایدا هاتووە، 10 ئۆتۆمبێلی هەواڵگریی تورکیا (میت) لە هەولێرەوە چوونەتە كەركوك و خۆیان گەیاندووەتە فڕۆكەخانەی شارەكە.
لە بروسكەكەدا ڕوونكراوەتەوە، تیمەكە بریتی بوون لە چوار ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا هایلۆكس، پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری شۆفرلێت تاهۆ و ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڕام كە سەرجەمیان جام ڕەش و بێ تابلۆ و مۆدیل 2020 و 2021 بوون.
بروسكەكە ئاڕاستەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک و بەڕێوەبەرایەتی دەزگای هەواڵگریی و دژە تیرۆر کراوە و لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەكردووە كە لە بەدەستگەیشتنی زانیاریی زیاتر ئاگاداریان دەكاتەوە.