خوێندکارانی زانکۆی سۆران ڕوونکردنەوە لەبارەی رووداوی کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ بڵاودەکەوە

خوێندکارانی زانکۆی سۆران ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی ڕووداوی کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆکەوە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئەو هەڵمەتی دژایەتییەی بەرامبەر مامۆستا نیشتمان دەستیپێکردووە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی سکاڵا تۆماردەکەن.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خوێندکارانی زانکۆی سۆران ڕایانگەیاند، هەندێک لایەن و کەسایەتی و پەیجی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی ئامانجدار و ناڕەوا کە مەبەستیانە کەیسەکە بەلاڕێدا بەرن و دەیانەوێت خاڵی نێگەتیڤ بخەنەسەر مامۆستایانی زانکۆ.

لە ڕوونکردنەوەی خوێندکارانی زانکۆی سۆران سەبارەت بە کێشەی نێوان ئەو خوێندکارەی تاوانەکەی ئەنجامداوە و مامۆستا نیشتمان، کە هاوسەری “د. ئیدریس”ـە و یەکێکە لە قوربانییانی ڕووداوەکە، ڕایانگەیاندووە، “لەگەڵ ئەوەی مامۆستا نیشتمان لە پرسەدایە بەڵام ئەو لایەنانە بێویژدانانە کەوتوونەتە گیانی و دەیانەوێت تۆمەتباری بکەن بە هۆکاری سەرەکی ئەو کێشەیە، لەکاتێکدا ئەو مامۆستایە چەندین جار نەرمی نواندووە و لەمافەکانی خۆی خۆشبووە بەرامبەر ئەو خوێندکارە”.

ئاماژە بەوەشدەکەن، “ئەنجامدەری ئەو تاوانە چەندین جار هەڕەشەی لە مامۆستا نیشتمان کردووە و ژنێتی ئەوی وەک هەلێک بەکارهێناوە”.

ڕاشیانگەیاند، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییانە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەس و لایەنانە تۆماردەکەن، کە د. نیشتمان تۆمەتبار دەکەن.

ئەو خوێندکارانە دەڵێن، “لە میدیاکان وەک خوێندکاری زانکۆی سۆران باس لە بکوژ دەکەن، بەڵام ئەو هیچ ئاکارێکی خوێندکاری زانکۆ و بەتایبەت کۆلێژی یاسای نەبوو”.

چەند داواکارییەکیشیان خستەڕوو:

یەکەم: دادگاکان ئەو کەیسە و کەیسە هاوشێوەکانی یەکلاییبکەنەوە.

دووەم: وەزارەتی خوێندنی باڵا پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی وەرگرتنی خوێندکاران بکات لە زانکۆ و بەتایبەت لە بەشی یاسا.

سێیەم: دادگای تاوانەکانی هەولێر بڕیاری بوێرانە بدات سەبارەت بە کەسی بکوژ.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share