پەنجەرەی شکاو، بیردۆزێكە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەتایبەتی تاوانناسیدا، کە باس لەوە دەکات کەمتەرخەمی لە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک، قەبارەکەی هەر چەندێك بێت، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەڵوێست و هەڵسوکەوتی خەڵک دەبێت و، دەبێتە هۆی خراپترکردنی کێشەكە، بە پێچەوانەشەوە چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی باشتر و وەڵامدانەوەیەكی ڕەفتاریی ئەرێنی.
سەرچاوەی بیردۆزەكە دەگەڕێتەوە بۆ تاقیکردنەوەیەک کە لەلایەن فیلیپ زیمباردۆ-ی دەروونناس و کۆمەڵناس لە ساڵی 1969 ئەنجامدرا، دوای ئەوەی دوو ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆی بە دەرگا كراوەیی لە دوو ناوچەی هەژار و دەوڵەمەند نشیندا بەجێهێشت، پیادەڕەوەکانی گەڕەکە هەژارنشینەكە هەرزوو دەستیانکرد بە دزین و تێکدانی ئۆتۆمبێلەكە لەماوەی چەند خولەکێکدا، پاشان بەتەواوی تێكدانی لە ماوەی سێ ڕۆژدا. هەرچی سەبارەت بە گەڕەكە دەوڵەمەند نشینەكەیە، ماوەیەکی زیاتری پێچوو تا پیادەکان دەستیان بە تێکدانی ئۆتۆمبێلەکە کرد، زیمباردۆ ناچاربوو یەکێک لە جامەكانی ئۆتۆمبێلەکە بشکێنێت، خەڵکەکەش دەستیانکرد بە شکاندنی جامی زیاتر و دزینی ئۆتۆمبێلەکە، تا ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بووە كەلاكێكی تەواو.
لە ساڵی 1982دا جەیمس کیو ویلسۆن-ی زانای سیاسی و جۆرج کیلینگ-ی زانای تاوانناس بەدواداچوونیان بۆ تاقیکردنەوەكەی زیمباردۆ کرد بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی هاوشێوە لەسەر بینا و موڵکەکانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکاندا، هەروەها “بیردۆزی پەنجەرەی شکاو”یان داڕشت کە ئاژاوە لە كۆمەڵگادا بە ڕووداوەكانی دیكەی تاوانە مەترسیدارەكانەوە دەبەستێتەوە.
زانایانی یاسایی مەیلیان هەبووە سەرنجیان لەسەر تاوانە گەورەکان بێت؛ وەک دەستدرێژی و دزی و کوشتن، بەڵام زانایان ویڵسن و کیلینگ وایان دانا کە تاوانی مەترسیدار دەرئەنجامی کۆتایی زنجیرەیەکی درێژی ڕووداوەکانە و، تاوان لە ئاژاوەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە نەهێشتنی ئاژاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تاوانە گەورەکان.
بیردۆزی پەنجەرەی شکاو لە كار و بازرگانیدا
بیردۆزی پەنجەرەی شکاو دەتوانرێت بۆ زۆر بوار بەکاربهێنرێت لەوانە كار و بازرگانی؛ بۆ نموونە، ئەگەر بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک چاوپۆشی لە ئەدای نابەرپرسانەی کارمەندان بكات، بێباکی لە ژینگەی کاردا لە هەموو ئاستەکانی ئەرك و كاردا سەرهەڵدەدات.