حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نامەیەک داوای پشکی چوار مانگی هەرێم لە حکومەتی عێراق دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، کۆبووەوە و لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێم نامەیەک ئاڕاستەی عێراق دەکات بۆ ناردنی پشکی هەرێم بۆ مانگەکانی پێنج، شەش، حەوت و دە کە ئەمانە دەکەونە دەرەوەی یاسای قەرز.

لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ” لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، دوا پێشهاتەکانی ڕێڕەوی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، بەتایبەتیش دوای تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە بێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی داوە و هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوامیشین لە گفتوگۆ، هەرێمی کوردستان لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، ” دواخستنی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانە”.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ” ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج و شەش و حەفت و دەی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیداڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 ەوە نییە”.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین پلاسخارت دەکات کە لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، جەختی لەوە کردبووەوە فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا فەرمانبەر و موچەخۆری هەرێم نین بەڵکو هاوڵاتی عێراقین و پێویستە بابەتی موچە نەکرێتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان و نابێت بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ بکرێنە قوربانی.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتگیریی لە هاتنەئارای ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکەن لە پێناو دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ( دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان )ی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بە کێشەی دیاریکردنی موڵکیەتی زەویوزاری کریستیانەکان کرد لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان.

لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەکی بەداوداچوون پێکبهێرنرێت بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی هێنان بەو کێشانە، بە ئاراستەی لە بەرچاوگرتن و دابینکردنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سنوردانان بۆ هەر زێدەڕۆییەک کە لە ئارادا بێت.

 

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم و چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: سبەینێ باران و بەفر دەبارێت

بابەتی دواتر

ئاژانسەکان: هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی زێر بەرزدەبێتەوە

لێپرسراوی زەڕەنگەرەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دابەزینی نرخی زێڕ پەیوەندی بە سیاسەتەكانی ئەمریكاوە هەیە و دەیەوێت دراوەكەی بەهاكەی لەدەست نەدات…
Total
0
Share