سەرۆک وەزیرانی سوید لەبارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا و نزیکبوونەوەیان لە ئەندامبوونی هاوپەیمانیی ناتۆ، پەیامێكی دڵنیاكەرەوە دا و دەڵێت، لەگەڵ توركیا كاری هاوبەش دەكەن دژی پەكەكە، بەڵام پابەندی یاساکانی سوید و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبن و ”هەرکەسێک بەشداریی کاری تیرۆریستیی نەکردبێت، ڕادەستی تورکیا ناکرێت”.
لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا ماگدالینا ئەندرسن، سەرۆک وەزیرانی سوید ئاشکرایکرد، ڕێککەوتنی وڵاتەکەیان لەگەڵ تورکیا و فینلەندا لەبارەی شتێکەوەیە کە پێشتر ئەوان لە وڵاتەکەیاندا کردوویانە، بەو مانایەی شتێكی نوێ نییە.
سەرۆك وەزیرانەكەی سوید ڕاشیگەیاندووە، “ئێمە زیاتر کاری هاوبەش لەگەڵ تورکیا دەکەین، لانیکەم پەیوەندیدار بە ڕێکخراوی پەکەکە، کە لە لیستی تیرۆردایە”.
ڕێککەوتنەكەشی لەگەڵ تورکیا بە هەنگاوێکی مێژوویی وەسفكردووە، بەوەی هەنگاوێکی ترە بەرەو ئەندامبوون لە ناتۆ، “ئەم هەنگاوە بۆ سوید و ئاسایشی خەڵکی سوید گرنگە”.
ڕێككەوتنی سوید و فینلەندا لەگەڵ توركیا نیگەرانیی لای كورد، بەتایبەت پەكەكە و كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان دروستكردووە، بەڵام ماگدالینا ئەندرسن دڵنیایی دا لەوەی لەو هەماهەنگییەیاندا لەگەڵ توركیا ڕەچاوی سێ خاڵی گرنگ دەكەن، ئەوانیش، “یەکەم، ئەوەی هەڵگری ڕەگەزنامەی سویدییە هەرگیز ڕادەستناکرێتەوە، دووەم، بەدڵنیاییەوە ئێمە پابەندی یاساکانی سوید و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبین، سێیەم، ئەگەر بەشداریی چالاکیی تیرۆریستی نەکەیت، پێویست بە نیگەرانی ناکات”.