سەلمان روشدی لە یەكەم چاوپێكەوتنی پاش پەلاماردانەكەی: چانسم هەبوو

سەلمان روشدی

لە یەكەم چاوپێكەوتنی پاش رووداوی هێرشكردنەسەریدا كە ئابی رابردوو لە نیویۆرك روویدا، سەلمان روشدی-ی نووسەری بەریتانی دەڵێت، هەستدەكات “چانسی هەبوو”.

روشدی لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ رۆژنامەی (نیویۆركەر)ی ئەمریكی كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە رایگەیاند، هەستدەكات بە چانسە چونكە لە هێرشەكە رزگاریبووە.

نووسەرە بەریتانییە بە بنەڕەت هندی-یەكە لە 12ی ئابدا بە چەقۆ هێرشیكرایەسەر كاتێك دەیویست وتارێك لە كۆنگرەیەكدا لە باكووری نیویۆرك پێشكەش بكات، هادی مەتر-ی تۆمەتباری سەرەكی دەستگیركرا، كە ئەمریكییەكی بە بنەڕەت لوبنانییە و تەمەنی 24 ساڵە.

نووسەرە تەمەن 75 ساڵەكە بە هەلیكۆپتەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و ماوەیەك لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد دانرا بەر لەوەی دۆخی تەندروستی بەرەو باشبوون بچێت، بریكاری كارەكانی رایگەیاند، بینایی یەكێك لە چاوەكانی لەدەستدا و ناتوانێت یەكێك لە دەستەكانیشی بجوڵێنێت پاش ئەوەی بە سەختی پێكرا.

لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا روشدی رەتیكردەوە بەرپرسیارێتیی رووداوەكە بخاتە ئەستۆی كارمەندانی ئەمنیی شوێنەكە.

وتیشی، “لەم ساڵانەدا زۆر هەوڵمداوە لە یەكتر تۆمەتباركردن و هەستكردن بە تاڵی دووربكەومەوە، تەنها لەبەرئەوەی رووانینێكی باش نییە. یەکێک لەو رێگایانەی مامەڵەم لەگەڵ ئەم پرسەدا پێکردووە ئەوەیە کە سەیری پێشەوە بکەم نەک دواوە، ئەوەی سبەی روودەدات گرنگترە لەوەی دوێنێ روویدا”.

سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ تیمی فریاگوزار، ئەوانەی ژیانیان رزگاركرد و، بۆ راشیل ئیلیزا-ی چیرۆكنووسی هاوژینی بۆ پاڵپشتیكردنی لەكاتێكدا لە مەرگ نزیكبوو نیشاندا.

چاوپێكەوتنەكە بە چەند رۆژێك دێت بەر لە بڵاوكردنەوەی رۆمانە نوێیەكەی (شاری سەركەوتن) كە بڕیارە لە 9ی ئەم مانگەدا بڵاوبكرێتەوە.

نووسەر، كە لەهەمان كاتدا رەگەزنامەی ئەمریكی هەیە و ماوەی 20 ساڵە لە نیویۆرك نیشتەجێیە، لە ساڵی 1989 فەتوای كوشتنی لەلایەن رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بۆ دەركرا.

پاش برینداركردنەكەی ئێران بە فەرمی بوونی هەر رۆڵێكی لە هێرشەكەدا رەتكردەوە.

بابەتی پێشتر

سێ رۆژ پشوو لە هەرێم راگەیەندرا

بابەتی دواتر

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبارەی مووچەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share