عەلی حەمەساڵح ڕایدەگەیەنێت، پلەبەرزكردنەوە لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دەستیپێكردووەتەوە، بەڵام سەبارەت بە مامۆستا و فەرمانبەران حكومەت دەڵێت لەتوانایاندا نییە.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ پلەبەرزکردنەوە بە دوو پێوەری جیاواز مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەراندا دەكرێت.
ڕوونیشیكردەوە، بە بڕیاری هەر سێ سەرۆکایەتیەکە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی سەرۆکایەتیی هەرێم، حکومەت و پەرلەمان دەستیپێکردوەتەوەو بۆیان بەستراوە. پێشتریش سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی دادوەری پلەبەرزکردنەوەی بۆکراوە، جگە لەوەی پلەبەرزکردنەوەی هێزی ئەمنی و سەربازی بەردەوام بووە و ڕانەگیراوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، وەك چۆن ئەو توێژانە مافی خۆیانە بۆ پلەبەرزکردنەوە، سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان ئەو مافەیان هەیە.
ئەنجامی بەدواداچوونێكی خۆیشی ئاشكرادەكات و دەڵێت، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن، پلەبەرزکردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران بڕێکی زۆر پارەی پێویستە و لەئێستادا لە توانای حکومەتی هەرێمدا نیە.
دووپاتیشیدەكاتەوە، بەیاسا حکومەتی هەرێم ناتوانێت پلەبەرزکردنەوە ڕابگرێت.