دادگای سلێمانی سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆئەوەی كە دادگاییکردنی تۆمەتباران بكرێت بە ئەلیکترۆنی بەوەش دادگاكە دەبێتە یەكەمین شوێن لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئەو سیستمە پەیڕەوبكات.
یەپێی ڕاگەیەندراوێكی دادگای سلێمانی، لەیەکەم هەنگاوی لەو شێوەیەدا لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی سیستمی ئەلکترۆنی دادگا و بەمەبەستی کاراکردنی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ دادگاییکردنی تۆمەتباران، دادوەر جاسم هەورامی سەرۆکی دادگا سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی و بەرپرسانی بەشەکە کۆبووەوە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، گفتوگۆکرا سەبارەت بە ئامادەکاریی و پێداویستیەکانی زیادکردنی خزمەتگوزاری ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ سیستمی ئەلکترۆنی دادگا و داواکرا بە زووترین کات شوێنی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت و سەرۆکایەتیی دادگاش سەرجەم پێداویستیەکانی بەردەستبوونی ئەو خزمەتگوزارییە دابیندەکات.
داداگاییکردن بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس تەنها لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کاری پێدەکرێت و سەرۆکایەتیی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانیش بە جێبەجێكردنی دەبێتە یەکەمین دادگا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کە ئەو سیستمە جێبەجێ دەکات.
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “ئەمەش دەبێتەهۆی دابینکرنی ئارامیەکی زیاتر بۆ تۆمەتباران و کارئاسانیەکی زۆر بۆ پۆلیس و کەمکردنەوەی تێچوونی گواستنەوەی تۆمەتباران و هاتوچۆیان و هەر لەشوێنی مانەوەی خۆیان لە ڕێگەی سیستمێکی تایبەتەوە بە دەنگ و ڕەنگ و لە ڕێگەی شاشەوە پڕۆسەی دادگایی کردنەکە بەڕێوەدەچێت”.