لە هەولێر پێنج بڕیار لەبارەی بەنزینەوە درا

پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك بڕیاری تایبه‌ت به‌ دابه‌شكردنی به‌نزینیان ده‌ركردووه‌ و یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانیش نه‌هێشتنی سیستمی تاك و جوته‌ بۆ وه‌رگرتنی به‌نزینی 800 دیناری.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌پێناو باشتر ڕێكخستنه‌وه‌ی كێشه‌ی به‌نزین و ئه‌و گرفتانه‌ی ڕۆژانه‌ ڕووبه‌ڕووی هاوڵاتییان ده‌بوونه‌وه‌، بڕیاری پێویستیان ده‌ركرد و له ‌سبه‌ینێشه‌وه‌ بڕیاره‌كان ده‌خرێنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

باسی لەوەشكرد،”له‌پێناو كه‌مبوونه‌وه‌ی بارگرانی و ئه‌ركی سه‌ر شۆفێرانی تاكسی و پاس، بڕیاریانداوە به‌نزینی 690 دیناری ته‌نها بۆ پاس و تاكسی به‌ سیستمی تاك و جووت له‌ نۆ به‌نزینخانه‌ دابه‌شكرێت، تاكسیه‌كانیش ڕێژه‌یان بۆ دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام بۆ پاسه‌كان 50 لیتر دیاریكراوه‌”.

بەوتەی پارێزگاری هەولێر، “ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك لیتری به‌نزینی 800 دیناری دابه‌شده‌كرێت، له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی قۆرخكاریش بڕیاردراوە مۆڵەت بدەنە ئەو بەنزینخانانەی سنووری پارێزگاكە پێشتر داوایانكردبوو، بۆئه‌وه‌ی بڕه‌ به‌نزینێكیان پێ بدرێت، تا به‌بێ ڕه‌چاوكردنی سیستمی تاك و جووت 50 لیتر لە بەنزینەكە بدرێتە ئۆتۆمبێل.

باسی له‌وه‌شكرد، “چه‌ند ڕۆژێكه‌ تیمه‌كانی قائیمقامیه‌تمان ڕاسپاردووه‌، له‌ بازگه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر ڕێگری بكرێت له‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی گاز ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌”.

ئومێد خۆشناو ئاشكراشیكرد، “بڕیاردراوه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كانمان بۆئه‌و كه‌سانه‌ی بازرگانیی سوته‌مه‌نی ده‌كه‌ن، له‌ هه‌ر شوێنێك بیانه‌وێت به‌نزین هاورده‌ بكه‌ن، ئه‌وپه‌ڕی ئاسانكارییان پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌ویش به‌ڕه‌چاوكردنی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان و كوالێتیه‌كی به‌رز”.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێكی كورد: كشانەوەی كۆمپانیاكان واتە كۆتایی هەرێم لەڕووی ئابورییەوە

بابەتی دواتر

كازمی لە جەددەوە گەیشتە تاران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share