كونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتیانی هەرێم دەدات

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی نوێی کۆماری گەلی چین کۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتیانی هەرێم بدات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە لیۆ جیۆن، کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری گەلی چین لە هەرێمی کوردستان.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی چین کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا و بە تایبەتیش لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی خۆی و نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی بۆ هەرجۆرە هاوکارییەک دەربڕی.

هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان کرد لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنەی سەرۆک مام جەلال وەک دامەزرێنەری پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی کورد و گەلی چین هەیبوو.

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەسەر پێکەوەکارکردن بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەڕووی بازرگانی و پیشەسازی و پێشخستنی بواری تەکنەلۆجیا و ئای تی لە هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی چینیش ئامادەیی دەربڕی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کاربکات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا. ئاماژەی بەوەشکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی چینی لە زانکۆی سلێمانی دەکرێتەوە و کاریش دەکەن کە پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانی چین و کوردستاندا دروست بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیدان بە پەیوەندیی کەلتووری و رۆشنبیری لەنێوان شارەکانی چین و کوردستان کرا. کونسوڵی چین بە تایبەتی سەرسامی خۆی بە شاری سلێمانی دەربڕی کە ئەزمونێکی دەوڵەمەندی لەڕووی رۆشنبیری و کلتورییەوە هەیە و رایگەیاند، کاردەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندیی کەلتووری و رۆشنبیری لە نێوان سلێمانی و یەکێک لە شارەکانی وڵاتی چین.

هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەهەموو بوارەکاندا، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتیانی هەرێم بدات تا بە مەبەستی جۆراوجۆر سەردانی ئەو وڵاتە بکەن، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

کامافینگا لە نۆ یاریی بێ بەش دەبێت

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە پایە سەرەکییەکان دەهێڵێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن

سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ خولی دووەمی تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستپێدەكاتەوە و هەمان ئەو…
زیاتر ببینە

لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندان دژی زیندانیکردنی شێروان شێروانی دەکرێت و لە دهۆی ئاسایش رێگری دەکات

ژمارەیەک لە چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لە سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندانیان دژی سزادان و زیندانیکردنی شێروان شێروانی و بەرتەسککردنەوەی…
Total
0
Share