پەرلەمانتارێكی كورد: كشانەوەی كۆمپانیاكان واتە كۆتایی هەرێم لەڕووی ئابورییەوە

پەرلەمانتارێكی لیژنەی ئابوری پێیوایە ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی پڕۆژەیان لە باشووری عێراق هەیە لە هەرێم دەكشێنەوە و دەشڵێت، دەبێتەهۆی كۆتایی هەرێم لەڕووی ئابورییەوە.

دوای ئەوەی دوێنێ كشانەوەی كۆمپانیای بیكەر هیوسی ئەمریكی تایبەت بە خزمەتگوزارییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا، سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت كشانەوەی دیكە لەڕیزی ئەو كۆمپانیا جیهانییانەی لە هەرێم كاردەكەن و پڕۆژەی گەورەیان لە باشووری عێراق هەیە ڕووبدات.

ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمی هۆكارەكەشی بۆ ئەو كێشە و ناكۆكییانە گەڕاندەوە كە لەئێستادا لەنێوان هەرێم و ناوەند لەئارادایە.

سەبارەت بە كاریگەریی كشانەوەی كۆمپانیا ئەمریكییەكە لەسەر پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتەكانی وەزارەتی نەوت سۆران عومەر وتی، “سەرجەم وتوێژ و دانوستانەكانی ئێستا دەربارەی پۆستەكانە نەك شایستەكانی هەرێم یان كێشەكانی لەگەڵ ناوەند، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە نەوت و غازەوە هەیە، ئەگەرنا دەكرا كێشەكە لە سەرەتای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم چارەسەربكرایە”.

هەروەك باوەڕی خۆیشی نیشاندا بەوەی كشانەوەی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان كاریگەریی گەورەی لەسەر حكومەتی هەرێم دەبێت لەڕووی ئابورییەوە “بەهۆی ئەوەی 90%ی داهاتەكەی لە فرۆشی نەوتەوەیە و كشانەوەی ئەو كۆمپانیایانە دەبێتەهۆی ڕاوەستاندنی هەناردەی نەوت، ئەمەش واتا كۆتاییهاتنی هەرێم لەڕووی ئابورییەوە، كە دەخوازین ئەوە ڕوونەدات و نەگاتە ئەو ئاستە”.

ئەندامەكەی لیژنەی ئابوری ئەوەشی خستەڕوو، كۆمپانیاكان لە بەرژەوەندییاندا نییە بچنە شەڕەوە لەگەڵ دادگای فیدراڵی.

دووپاتیشیكردەوە، تاكە چارەسەری كێشەكە بریتییە لە دەرچوواندنی (یاسای نەوت و غاز) لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

دوێنێ نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوری ڕایگەیاند، كۆمپانیای بیكەر هیوسی ئەمریكی تایبەت بە خزمەتگوزارییەكانی نەوت پابەندبوونی تەواوەتی خۆی بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 59 فیدراڵی/ 2012 و ڕێنماییەكانی وەزارەتی نەوت و لیژنەی ڕێنوێنی باڵا تایبەت بە نەوتی هەرێم نیشانداوە.

وتیشی، “كۆمپانیای بیكەر هیوز بە یەكێك لە گەورە كۆمپانیاكانی جیهان لەبواری خزمەتگوزاریی كێڵگە نەوتییەكان دادەنرێت. بەرهەم و خزمەتگوزاری لە كەرتی پیشەسازیی نەوت و غاز دابیندەكات لەبارەی هەڵسەنگاندنی پێکهاتە، تەواوکردنی بیرەکان و ڕاوێژ لەبارەی بەرهەمهێنان و یەدەگ”.

كۆمپانیاكە لە زیاتر لە 120 وڵاتی جیهاندا كاردەكات، كۆی سەروەت و سامانەكەی دەگاتە 38 ملیار دۆلار و 60 هەزار كارمەند كاری تیادەكەن، وەك ئەوەی شارەزاكە ئاماژەی پێداوە و ڕوونیشیكردووەتەوە، كۆمپانیاكە چەندین كاری هەیە لە هەرێمی كوردستان لەوانە جێبەجێكردنی پلانی پەرەپێدان لە كێڵگەكانی غازی میران و بنەباوێ.

لە باشووری عێراقیش كۆمپانیاكە كار لە بەرهەمهێنانی غازی یاوەری نەوت دەكات لە كێڵگەكانی ناسریە و غراف لە پارێزگای زیقار بە وزەی 200 ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە، سەرەڕای بەرهەمهێنانی بڕی 1000 تۆن غازی شل و 900 مەتر سێجای دیكە بە تێچووی 370 ملیۆن دۆلار.

شەممەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی وزەی عێراق ڕایگەیاند، هەردوو کۆمپانیای شلومبێرگەر و هالیبێرتۆن هەنگاویان بۆ هەڵپەساردنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و یەکەمی ئەو کۆمپانیان کە بڕیارەکەی بەغداد جێبەجێ دەکەن.

بەپێ نووسراوێك كە كۆمپانیای نیشتمانيی نەوتی عێراق لە 12ی ئەم مانگە دەریكردووە تیایدا هاتووە، پاڵپشت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پێویستە سەرجەم كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن كارەكانیان ڕابگرن و بەڵێن بدەن لە ماوەی سێ مانگدا كارەكانیان ڕابگرن و بە پێچەوانەوە ڕێوشوێنی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، هەر كۆمپانیایەك پابەندی بڕیارەكەی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق نەبێت دەخرێتە لیستی ڕەشەوە.

بابەتی پێشتر

ئێران وانەوتنەوەی مامۆستایانی پیاو لە خوێندنگەکانی کچاندا قەدەغە دەکات

بابەتی دواتر

لە هەولێر پێنج بڕیار لەبارەی بەنزینەوە درا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share