وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هەواڵی “کوشتنی بەکۆمەڵی پەنابەرانی عێڕاقی” لەلایەن سەربازانی پۆڵەنداوە ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی بیلاڕوسیا بۆ کاروباری پەنابەران ئەوەی ئاشکراکرد، بەڵگە و زانیارییان لەبارەی کوشتنی بەکۆمەڵ و نهێنیی پەنابەرانی عێراقییان داوەتە دەست ئەو شاندە عێراقییەی سەردانی مینسکیان کردووە.
لەبارەی هەواڵەکەوە ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، “بەوردی بەدواداچوون لەبارەی کوشتن و سوکایەتی و هەڕەشەکردن لە پەنابەرانی عێراقی دەکەن لە سنوورەکانی پۆڵەندا”.
هەر سەبارەت بە “کوشتنی پەنابەرانی عێراقی” لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق داوادەکات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە ئەو پرسە بکرێت و ڕاست و دروستیی ئەو ڕاپۆرتە ئاشکرابکرێت کە باس لە کوشتنی بەکۆمەڵی پەنابەرانی عێراقی دەکات.
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کاروباری پەنابەرانی بیلاڕوسیا باسی لەوەکردووە، کە ساربازێکی پۆڵەندیان دەستگیرکردووە و دانیناوە بەوەی چەند پەنابەرێکی عێراقیی کوشتووە، ئەو پەنابەرانەشی کوژراون سەرجەمیان بە نهێنی لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بەخاکسپێردراون.