دوو كۆمپانیای نەوت كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان هەڵدەپەسێرن

ئەنجومەنی وزەی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، دوو كۆمپانیای بواری نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، هەنگاویان بۆ هەڵپەساردنی كارەكانیان دەستپێكردووە.

هەردوو کۆمپانیای شلومبێرگەر و هالیبێرتۆن یەکەمی ئەو کۆمپانیان کە بڕیارەکەی بەغداد جێبەجێ دەکەن.

ئەنجومەنی وزەی عێراقی دەڵێت، كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق (INOC) ئاگاداركردنەوەیەكی ئاراستەی كۆمپانیا نەوتییەكان، كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكان و بەڵێندەرە نەوتییە بیانییەكان لە ناوەڕاست و باشوور كردووە و هۆشداریی داونەتێ لە كاركردن لە هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، لەگەڵ نوسینی بەڵێننامەیەك بە كارنەكردن لە پڕۆژە نەوتی و غازییەكانی كوردستان.

دەشڵێت، هەر بەپێی ئاگاداركردنەوەكە كۆمپانیا ناپابەندەكان دەخرێنە لیستی ڕەشەوە و مامەڵەكردن لەگەڵیاندا لە عێراق قەدەغەدەكرێت.

ئەنجومەنەكە لە زاری سەرچاوە تایبەتییەكانیەوە ڕایگەیاندووە، كۆمپانیای شلومبێرگەر و كۆمپانیای هالیبێرتۆن بۆ خزمەتگوزارییەكانی نەوت هەنگاویان ناوە بۆ هەڵپەساردنی كارەكانیان لە هەرێم بۆ پارێزگاری لە بەردەوامبوونی گرێبەستەكانیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، دووركەوتنەوەیان لە دانانیان لە لیستی ڕەش و كۆتایهێنان بە گرێبەستەكانیان لە ناوەڕاست و باشوور.

بەپێی بڵاوكراوەیەكی ئەنجومەنەكە، دوو كۆمپانیاكە لە گەورە كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی نەوتن لە جیهاندا، سەرەڕای كێڵگەكان لە باشوور، گرێبەستی كاركردنیان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لەوانە (تەقتەق، تاوكێ، چەمچەماڵ، كۆرمۆر و خورمەڵە) هەیە.

كێڵگەی نەوتی خورمەڵە كە لە ساڵی 2008ەوە لەژێر دەستی حكومەتی هەرێمدایە، سێیەكی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی لێبەرهەم دەهێنرێت بە نزیكەی 175 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، وەك ئەوەی لە بڵاوكراوەكەدا هاتووە.

ئەنجومەنەكە پێشبینی خۆی لەبارەی “تێكچوون”ی هەناردەی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە لەماوەی چەند مانگی كەمی داهاتوودا بەپێی ئەو ڕێوشوێنانە و دابەزینی بۆ ئاستی (سفر) نیشانداوە، بەتایبەت پاش بردنەوەی ئەو داوا یاساییەی دژ بە حكومەتی توركیا كە خۆی لە كۆمپانیای (بوتاش)دا دەبینێتەوە تۆماركراوە دەربارەی بەكارهێنانی نایاسایی هێڵی كەركوك-جەیهان.

دووپاتیشیدەكاتەوە، بردنەوەی داواكە هەرێم بەتەواوی لە وڵاتانی كڕیاری نەوتی كوردستان دادەبڕێنێت، كە خۆیان لە بنەڕەتدا هەوڵ بۆ ڕزگاربوون لە ئاكامە یاساییەكانی كڕینی نەوتی هەناردەكراو لەلایەن هەرێمەوە بەشێوەی نایاسایی پشتبەست بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەدەن.

بەپێ نووسراوێك كە كۆمپانیای نیشتمانيی نەوتی عێراق لە 12ی ئەم مانگە دەریكردووە تیایدا هاتووە، پاڵپشت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پێویستە سەرجەم كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن كارەكانیان ڕابگرن و بەڵێن بدەن لە ماوەی سێ مانگدا كارەكانیان ڕابگرن و بە پێچەوانەوە ڕێوشوێنی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، هەر كۆمپانیایەك پابەندی بڕیارەكەی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق نەبێت دەخرێتە لیستی ڕەشەوە.

بابەتی پێشتر

چێشتخانەی "خاڵە شوان" لە سیتەک داخرا

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح: هەولێر لە بەردەم كارەساتدایە و نیوەی خەڵك بێئاودەبن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share