هەپەگە ئاماری دوو مانگی شەڕ لەگەڵ سوپای توركیا بڵاودەكاتەوە

هەپەگە ئاماری دوو مانگی شەڕكردنی دژ بە سوپای توركیا ڕاگەیاند و دەڵێت، لە 744 چالاكیدا 985 سەرباز كوژراون، سێ هێلیکۆپتەر، 15 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و دوو زرێپۆش تێكشكێندراون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئەمڕۆ ئاماری دوو مانگ (14ی نیسان تا 14ی حوزەیران)ی شەڕی لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سوپای توركیا “بە تەکنیکی شەڕی پێشکەوتووی سەردەم، بە پشتگیریی ناتۆ و خیانەتی لایەنی نۆکەری کوردیی، بە هەزاران جار بە تۆپ، هاوەن، فڕۆکە و هەلیکۆپتەری شەڕ، هێرشی کردووەتەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، بەڵام نەیتوانیوە ئەنجام بەدەستبهێنێت”.

لەو ماوەیەدا هێزەكانی گەریلا 744 چالاكیی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 985 سەرباز كوژراون، كە دوانیان ئەفسەری پلەباڵان، 166 سەربازیش برینداربوون، وەك ئەوەی لە ئامارەكەدا هاتووە.

دەشڵێت، گەریلا لە دوو مانگی ڕابردوودا دەستیان بەسەر 915 چەک و تەقەمەنی، تۆپهاوێژ، فیشەک و کەلوپەلی سەربازیی جۆراوجۆردا گرتووە.

هەپەگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، 96 هێلیکۆپتەر، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، تانک و زرێپۆش، سەنگەر و ڕادار و کامێرای چاودێرییان تێکشکاندووە.

بابەتی پێشتر

داهاتی نەوتی عێراق زیاتر لە 5.5 ملیار دۆلار لەسەر بنەمای ساڵانە زیادیکردووە

بابەتی دواتر

ئاوڵەی مەیموون لە تۆوی پیاوەوە دەگوازرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share