لە سلێمانی کرێی هاتوچۆی خوێندکاران کەمدەکرێتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند کە بۆ ئەم مانگە پێویستە پارەی هاتوچۆی خوێندکاران کەمتر دەبێت و هۆکارەکەشی بۆ پشووی بەهارە دەگەڕێتەوە و هەر شۆفێرێکیش زیاتر وەربگرێت لێپرسینەوەی لێدەکرێت.

لە راگەیەندراوی قائیمقامیەتدا هاتووە، “ئەو پاس و تەکسیانەی لە مانگی ئازاردا لە باخچەو خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکاندا  هاتوچۆیان بە خوێندکاران کردووە، لە کۆکردنەوەی کرێی مانگانە دەبێت رەچاوی رێنماییەکانی لیژنەی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکاران بکەن”.

ئاماژە بەوەشکراوە، پارەی رۆژانی پشووی بەهارە جگە لە رۆژانی هەینی وەرناگیرێت و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانیش بڕەکەی دیاریدەکات، جەختیشدەکاتەوە، هەر شۆفێرێک زیاتر وەربگرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

لەبارەی چۆنیەتی دیاریکردنی بری ئەو پارەیەی کە دەدرێت بە شۆفێری پاس و تەکسیەکان، رێکان جمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت ئاماژەی بەوەکرد، “کرێی مانگانەی خوێندکار دابەشی سێ دەکرێت، دوو بەشی لە خوێندکار وەردەگیرێت و یەک بەشیش دەگەرێتەوە بۆ خوێندکار”.

قائیمقامیەتی سلێمانی بەخێوکاران و خوێندکارانی خوێندنگە و باخچە حکومی و ناحکومییەکانی سنووری هەردوو بەرێوەبەرێتیی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئاگاداردەکاتەوە، لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک ئاگاداریان بکەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بڕیار لەبارەی ئەو کەسانەوە دەدرێت کە بەهۆی بایکۆتی هاتوچۆی سلێمانییەوە غەرامەی دواکەوتنی مامەڵەیان هاتووەتەسەر

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەمەبەستی لێخۆشبوون لەو هاوڵاتییانەی کە سزای دارایی دواکەوتنی مامەڵەیان بەهۆی بایکۆتەوە هاتووەتە سەر نووسراویان…
Total
0
Share