تاقیکردنەوەی دیاریکردنی بەرکەوتەی وزەی كارەبای پارێزگاكان دووبارە دەكرێتەوە

قوباد تاڵەبانی داوایكرد كارەبا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشكرێت و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا بڕیاردرا تاقیکردنەوەی دیاریکردنی بەرکەوتەی وزەی كارەبای پارێزگاكان دووبارە بكرێتەوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزیری کارەبا و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای هەرێم ئەنجامدا کە تایبەتبوو بە پێداچوونەوە بە شێوازی دابەشکردنی کارەبا.

قوباد تاڵەبانی لە وتەیەكدا جەختیکردەوە لەوەی دابەشکردنی کارەبا بە شێوازێکی دادپەروەرانە و شەفافانە ڕێکبخرێتەوە و ڕەچاوی ژمارەی دانیشتووان و هاوبەشانی هەموو شار و شارۆچکەکان بکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە لەگەڵ ئەوەی مانگی ڕابردوو تاقیکارییەک کرا بۆ پێداچوونەوە بە دابەشکردنی کارەبا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تاقیکارییەکە دووبارە بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەموولایەک دڵنیاببنەوە لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی کارەبا.

جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، پێویستە تاقیکارییەکان وەرزانە و بەپێی گەرما و سەرما دووبارەبکرێتەوە و، بۆ دڵنیایی هاوڵاتیانیش پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری تاقیکارییەکان بکەن.

بڕیاردان لەسەر دووبارەكردنەوەی لەكاتێكدایە بەپێی تاقیكردنەوەكەی پێشوو پشكی كارەبای پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین تەنها بە 27% دیاریكرابوون، لە كاتێكدا كارەبای پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران بە 43.9% دیاریكران.

دواتریش وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند، بە ڕەچاوكردنی بەرزیی پلەكانی گەرما بڕی 50 مێگاوات بۆ پارێزگای سلێمانی زیادکراوە.

ڕوونیشیكردەوە، پشکی کارەبای ئیدارەی گەرمیان بە لەبەرچاوگرتنی بەرزی پلەکانی گەرما لە 4.1%ـەوە کراوە بە 4.7%، سەرەڕای زیادکردنی 50 مێگاوات کارەبا بۆ قەزای چەمچەماڵ.

لە تەوەرێکی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا قوباد تاڵەبانی داوای لە وەزارەتی کارەبا کرد میکانیزمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ برەودان بە سۆلار سیستم لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە هانی وەبەرهێنەران بدرێت بۆ لەمەودا کارەبای کارگە و پڕۆژەکانی خۆیان لەڕێی سیستمی سۆلارەوە بەرهەم بهێنن و بەم شێوەیە هەم یارمەتیدەر دەبن لە پاکڕاگرتنی ژینگە و هەم کارەبای زیاتر بۆ هاوڵاتیان دابیندەکرێت.

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگی: هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی دەنێین

بابەتی دواتر

سامانە سروشتییەكان: پێویستە دادگای كەرخ ڕێوشوێنەكانی دژ بە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم ڕابگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کچێک لە سلێمانی خۆی خنکاند

ئێوارەی ئەمڕۆ کچێکی تەمەن 28  ساڵ لە ماڵەکەیاندا بە مردووی دۆزراوەتەوە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش دەیسەلمێنن خۆی خنکاندووە، ئەمە…
Total
0
Share