سەركردەیەكی پەكەكە باس لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ پارتی دەكات

مستەفا قەرەسوو

سەركردەیەكی پارتی كرێكاران ڕایدەگەیەنێت، پارتی ڕێگری دەكات لە گەیشتنی چەك بەدەست هێزەكانیان و هاوكاری توركیا دەكات، گەر بەردەوامبێت شەڕ لەگەڵیاندا سەرجەم ناوچەكان دەگرێتەوە.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی توركیا زیاتر تەنگەتاو دەبێت، پارتی زیاتر بەشدارە لە شەڕدا، ڕێگریدەکات لە گەیشتنی چەک و تەقەمەنی بۆ ناوچەکانی گەریلا، پەیوەندی نێوان هێزەکانی گەریلا دەبڕێت و ڕووبەری جموجوڵ توند دەکاتەوە.

بەوتەی قەرەسوو، ئێستا پارتی هەنگاوی دیکەی ناوە و هەوڵدەدات هەندێک ناوچەی گەریلا بەناوی توركیاوە داگیربکات و وتی، “پشتگیریی ئێستای پارتی بۆ توركیا لەم ئاستەیە، ئەگەر ئەم هەنگاوانەی پارتی بەردەوام بن، ئەوا شەڕ لەگەڵیاندا نەک هەر لە مەتینا و زاپ و ئاڤاشین و هەفتانین نامێنێتەوە، بەڵکو لە هەموو ناوچەکانی گەریلا بڵاودەبێتەوە”.

سەبارەت بە هەڕەشە و هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستانیش قەرەسوو لە لێدوانێكدا بۆ میدیای نزیك لە حزبەكەی وتی، “ئەو ڕێكخستن و گروپانەی سەر بە پارتین، نە لە دژی داگیركارین لە ڕۆژئاوا و نە لە دژی داگیركاریش ڕادەوەستن، ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكاندا هەڵسوکەوت دەکەن”.

سەركردەكەی پەكەكە باس لە هێرشەكانی توركیاش بۆسەر گەریلاكانیان دەكات و دەڵێت، هێزی زەمینی و هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی توركیا لە بەرامبەر بەرخۆدانی تیمە گەڕۆكەكان و تونێلەكانی گەریلا و هاوكات لە بەرامبەر چالاكییەكان بێچارە و دەستەوەستان ماون، ئەوەی لە بەرامبەر گەریلا لەئێستادا بەكاریدێنن گازی كیمیایی قەدەغەكراو و چەكی كیمیاییە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، زیاتر لەو چەكە كیمیاییەی سەدام حسین بەكاریهێنا بەچەندین قات لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەكاردێت، گەریلا لەڕێگە ماسكی بەرگری لە گاز و ڕێكاری تر خۆیان دەپارێزن.

بابەتی پێشتر

تەرمی تازەلاوێك لە دەربەندی ڕانیە دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

پارتێكی سویدی دەیەوێت هاوسەرگیریی نێوان ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا قەدەغەبكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share