بافڵ جەلال تاڵەبانی و قەیس خەزعەلی جەخت لە دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاردەكەنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغداد بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش لە کۆبوونەوەکەدا ھەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەکخستنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرایەوە.
هەروەها جەخت لە خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك كرایەوە لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و بونیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیر.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی گفتوگۆكان و هەوڵدان بۆ كاری پێكەوەیی جەختی لێكرایەوە بەشێوەیەك كە خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكات.