سەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی ئەنجامدا و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتكرایەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردەکانی چێوەی ھەماھەنگی لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێكدا هاتووە، بە وردی بیروبۆچوون لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێكرا و کۆبوونەوە ھاوڕابوو کە پەلەبکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و نیشتمانی کە ڕەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و خواستی ئەمڕۆی ھاوڵاتییانی عێراق بێت.
هاوكات دووپاتی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە و پەنابردن بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەرانە بە ھەنگاوێکی ئەرێنی وەسفکرا لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئابوری و ئەمنی لە وڵاتدا.
لای خۆیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، پێشھاتەکان و گۆڕانکارییەکان وادەخوازێت ھەموومان پەرۆشی یەکڕیزی نیشتمانی بین و لە خەمی خەڵک و ئارامی سیاسی ھەنگاوی کرداری بنێین لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانی.
لە كۆبوونەوەكەدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی ئامادەبوون.