چۆن مامەڵە لەگەڵ شەپۆلەکانی گەرمای هاویندا بکرێت؟

وەرزی هاوین دەستیپێکردووە و ساڵ دوای ساڵیش گەرما زیادتر دەبێت، بەهۆی تێکچوون و گۆڕانی ژینگەوە.

ئەمانەی خوارەوە چەند ڕێنماییەکن بۆ خۆپاراستن لە گەرما و مامەڵەکردن لەگەڵ شەپۆلەکانی لە وەرزی هاویندا.

خۆبەدوورگرتن لە هەتاو

لە ڕۆژە گەرمەکاندا باشترە زیاتر لە ماڵەوە بمێنیتەوە، ئەگەریش ناچاری چوونەدەرەوە بوویت، پێویستە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 4ـی ئێوارە خۆت لە تیشکی خۆر بەدووربگریت.

بەکارهێنانی چاویلکەی تاریک و دژەخۆر لە کاتی چوونەدەرەوەدا پێویستە.

پۆشینی جلوبەرگی تەنک

پێویستە جلوبەرگی تەنک و دروستکراو لە لۆکە بپۆشیت، پۆشاکەکەت ڕەنگاوڕەنگ بێت و خۆت لە ڕەنگە تاریکەکان بەدووربگرە و ڕەنگی کراوەی وەک سپی بپۆشە، چونکە کەمتر تیشک لەخۆی دەگرێت.

بەکارهێنانی كڵاو و چەتری دژەخۆر بیرۆکەیەکی گونجاوە.

باشترە خانمان خۆیان لە مەکیاژ و ئامرازەکانی جوانکاری بەدووربرگن، چونکە کاتێک لە ڕوخساریانی دەدەن، لەگەڵ گەرما و تیشکی خۆردا کارلێکدەکات و زیان بە پێست دەگەیەنێت.

لەپێکردنی پێڵاوی کراوە

پاپووج و سانداڵی کراوەی هاوینە باشترینن، بە مەرجێک ئاسوودەییت تێکنەدەن و ناڕەحەتت نەکەن.

هەروەها خۆت بەدووربگرە لە پێڵاوی چەرم و لە کاتی بەکارهێنانی گۆرەویشدا، پێویستە دڵنیابیت لەوەی لە لۆکە و پێکهاتەی دژە گەرما دروستکراوە.

ڕێگرتن لە وشکبوونەوەی جەستە

لە ڕۆژانی گەرمادا پێویستە ئاوی زۆر بخورێتەوە، گرنگە ئاوەکە ساردبێت و بەر لەوەی تینووت ببێت بیخۆیتەوە، یان پشت بە جێگرەوە تەندروستەکانی ئاو ببەستیت وەک شەربەتی سروشتی.

خۆت بەدووربگرە لە خواردنەوە گازییەکان و ئەو خواردنەوانەش کەمبکەرەوە کە کافایینیان تێدایە.

خواردنی سەوزە و میوە

لە کاتی گەرمادا خواردنی سەوزە و میوە لە کارە گرنگەکانە، چونکە دەوڵەمەندن بە ئاسنەکان و ڤیتامینەکان و ڕێژەیەکی بەرز ئاویشیان تێدایە.

زیاتر خواردنە ساردەکانی وەک زەڵاتە بخۆ و خۆت بەدووربگرە لە خۆراکی چەور و خواردنە خێراکان.

خۆشۆردن

لە وەرزی گەرمادا پێویستە بە ئاوی سارد خۆت بشۆیت و ماوەی نێوان خۆشۆردنەکانیشت زۆر نەبێت، تاکو دووربیت لە پاسماوەکانی ئەرەقکردنەوە و جەستەشت شێدار بێت.

لە ماڵەوە

بە ڕۆژ پێویستە دەرگا و پەنجەرەکان دابخەیت، تاکو ماڵەکەت شێدار بێت و “گڕە” نەیەتە ژوورەوە، هەروەها پەردەکان دابدەرەوە تاکو خۆت بەدووربگریت لە تیشکی خۆر.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێشھاتەکان چارەسەری نیشتمانی لە هەمووان دەخوازن

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی: بەغداد ڕەتیکردووەتەوە لەسەر داوای هیچ کەسێک دەرمانیان بۆ سلێمانی ناردبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share