نێچیرڤان بارزانی: بۆ پاراستنی هێز و شانازییەكانی دەبێت پێشمەرگە یەكبخرێتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

سەرۆكی هەرێم داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەكات وەك هێزێكی نیزامی و پارێزەر مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگە بكات و ڕاشیدەگەیەنێت، بۆ پاراستنی شانازیی و هێزی پێشمەرگە، دەبێت یەكبخرێتەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێجی سەربازیی قەڵاچوالان بە ئامادەبوونی هەریەکە لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی بەڕێوەچوو.

پاش ڕێوڕەسم و نمایشی پێشمەرگە و ئەفسەران، نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەشكرد و پیرۆزبایی لە بەشداربووان و دەرچووانی خولەكان كرد و ڕایگەیاند، پیرۆزبایی تایبەت ئاراستەی ئەو كچانە دەكەم كە بەشدارن و هەوڵدەدەن و سوێندیان خواردووە هەمیشە ئامادەبن و هاوشانی كوڕان بەرگری بكەن.

نێچیرڤان بارزانی وتی، “کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان یادگارییەکی گرنگی سەرۆک مام جەلالە، گیانی شاد و یادی هەمیشە بەخێر”.

سەرۆكی هەرێم وتیشی، دەرچووان دەبنە بەشێك لە هێزی پاراستنی سەروەری عێراق و “پاراستنی عێراق زۆر بەلای ئێمەوە گرنگە”. ئەوەشی وت، “فیدراڵی بۆ ئاسانكردنی بەڕێوەبردنی وڵات و یەكسانیی نێوان ناوچەكانی عێراقە، فیدراڵی سەروەریی عێراق لاوازناكات، بەڵكو هاوبەشیمان بەهێزدەكات”.

داواشی لە هەموو عێراقییەك كرد دژی ئەو هێرشانە بن كە گروپەكان دەیكەنە سەر هەرێم و هەولێری پایتەخت.

سەرۆكی هەرێم داواشی لە بەرپرسانی عێراق و وەزارەتی بەرگری كرد وەك بەشێك لە هێزی پاراستن تەماشای پێشمەرگە بكەن و مامەڵەی لەگەڵ بكەن.

هەروەك باسی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد و وتی، یەكخستنی پێشمەرگە پێویستی بە كار و هەنگاوی خێرا و بە متمانە هەیە. ئەوەشی وت، بۆ پاراستنی هێز و شانازییەكانی دەبێت پێشمەرگە یەكبخرێتەوە.

دەربارەی مەرجی ئەو هەنگاوەش نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، دەبێت پارتی و یەكێتی بەباوەڕ و بێ پەشیمان بوونەوە بڕیاری لێبدەن و دەستوەردان لە كاروباری پێشمەرگە هەڵبگرن و دەستی حزب لەناو پێشمەرگە دەربهێنن.

سەرۆكی هەرێم هۆشدارشیدا لەبارەی جێبەجێنەكردنی و وتی، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناكۆكییە سیاسیەكاندا، ئەوەی جێبەجێكراوە هەڵدەوەشێتەوە و یەكنەخستنی پێشمەرگە وایكردووە خەڵك لەهەر ناكۆكییەكدا چاوەڕوانی لەتبوونی هەرێم و تەنانەت شەڕیش بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت نیگەرانی و مەترسی و هەستیاری خەڵكی كوردستان كە لە هۆشیارییەوەیە هاندەر بێت بۆیان. بۆیە دووپاتیكردەوە، وەك ئەوەی سوێندیان خواردووە و بەڵێنیانداوە “دەبێت دەستێوەردانی حزبی بەزووترین كات كۆتایی پێبهێنریت”.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، “ناكۆكییه‌كانى نێوان یه‌كێتى و پارتى هێنده‌ گه‌وره‌ نین كه‌ نه‌توانرێت چاره‌سه‌ربكرێن، به‌ڵام زۆركات به‌ربه‌ستى بۆ دروستده‌بێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك به‌ رۆحى به‌رپرسیارانه‌وه‌ له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنیشين بۆ ئه‌وه‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و باشتر بڕوات”.

بابەتی پێشتر

کەشناسی هۆشداری لە خۆڵبارینی دوو ڕۆژی داهاتوو دەدات

بابەتی دواتر

پاریس ڕێمۆنتادای كرد.. مباپی گرێبەستەكەی درێژكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕوونكردنەوەیەك لە ئاسایشی سلێمانییەوە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی وردەكاريی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردوو بڵاودەكاتەوە و ئاشكرایدەكات تەقەكەرەكان دەستگیركراون. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی كە…
Total
0
Share