بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، داهاتی مانگانەی عێراق دوو ملیار دۆلار زیادیكردووە.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشكرایكرد، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو داهاتی نەوتی عێراقی زیادكردووە و مانگانە دوو ملیار دۆلاری تر چووەتەسەر داهاتی وڵات.
تا مانگی نیسانی ڕابردوو، داهاتی مانگانەی عێراق كە بە ڕێژەی سەرەكی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، گەیشتبووە 9.5 ملیار دۆلار و كۆی داهاتی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵ 38 ملیار دۆلار بوو.
بەپێی وتەی وەزیری دارایی، بە بەراورد بە چوار مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، داهاتی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵی عێراق بە ڕێژەی 82.8% زیادیكردووە، هۆكارەكەشی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاوە بۆ سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.