هەریەکە لە دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) و سیستمی تەندروستیی بەریتانیا هۆشداری دەدەن لە شتنەوەی مریشک و گۆشت بەرلە ئامادەکردنیان، بەهۆی چالاکبوون بەکتریا زیانبەخشەکان و زیاتربوونی ئەگەری گواستنەوەی بەکتریاکان بۆ کەلوپەلەکانی دیکەی چێشتخانە.
دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا FDA هەروەها سیستمی تەندروستیی بەریتانیا NHS ئامۆژگاریمان دەکەن بەوەی مریشک و گۆشت نەشۆرینەوە بەرلەوەی ئامادەی بکەین بۆ خواردن، پێشتریش دکتۆر شاڵاو عارف سەرۆکی ڕێکخراوی ڤێتێرنەری لەپێناوی ژیان هەمان هۆشداریی دابوو لە مەترسییەکانی شتنەوەی گۆشت و مریشک.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ لەوبارەیەوە ئێستا 25%ی خەڵک لە جیهاندا گۆشت و مریشک دەشۆنەوە.
لەوبارەیەوە ئادەم هاردگریف پزیشکی پاکوخاوێنیی خۆراک دەڵێت، بەشێکی زۆر لە خەڵک پێویستە گۆشت و مریشک بشۆنەوە، بەڵام ئەوە پێویست نییە تەنها کوڵاندن بەشێوەیەکی دروست دەتوانێت سەرجەم بەکتریا زیانبەخشەکان بکوژێت.
زانایان ڕێگایەکی ئاسانتریان بۆ ئەو مەبەستە داناوە بۆ ئەو کەسانەی سوورن لەسەر شتنەوەی گۆشت و مریشک ئەویش دانانی گۆشتەکەیە لەژێر بەلوعەی ئاوەکەدا بەبێئەوەی بە دەست بشۆردرێتەوە، ئەو ڕێگایە مەترسیی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی بەکتریا کەمدەکاتەوە.
توێژەران مریشکێکیان لەژێر بەلوعەی ئاودا بە دووری 15.7 ئینج یان 40 سانتیمەتر دانا و چاودێریی بڵاوبووەوەی پرژەی ئاوەکەیان کرد دەرکەوت ئەگەر لەو دوورییەوە مریشک لەبەردەم ئاوەکەدا دەبنرێت پرژەی ئاوەکە بە دووریی 22 سانتیمەتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئەگەر دووریی مریشکەکە لە ئاوەکەوە کەمبکرێتەوە بۆ 15 سانتیمەتر بڵاوبوونەوەی پرژەی ئاوەکە بۆ تەنها پێنج سانتیمەتر کەمدەبێتەوە.
پێشتر دکتۆر شاڵاو عارف سەرۆکی ڕێکخراوی ڤێتێرنەری لەپێناوی ژیان ڕایگەیاندبوو، لە کوردستان بەداخەوە مامەڵەی تەندروست لەگەڵ خۆراکدا ناکرێت ، بەنمونە شۆردنەوەی گۆشت بەر لە کوڵاندن ، بەبڕوای خەڵک بەشۆردنەوە کاریگەری بوونی بەکتریا لەسەر گۆشت کەم دەکرێتەوە کەپاش دەرچونی لە کوشتارگاکان و گەیاندنی بەسفرەو خوان ئەگەری بەرکەوتنی دەبێت بەبەکتریا زیان بەخشەکان ، بەڵام لەڕوی زانستیەوە پێچەوانەکەی ڕاستە ، ئەویش لەبەر ئەوەی پرۆسەی شۆردنەوە ئەگەری بڵاوبونەوەی بەکتریا زیاتر دەکات بە تایبەت بەکتریای سکچوون و ڕشانەوەو بەکتریایی گرانەتا ، تایبەت لە وەرزی گەرمادا.