شكستهێنانی چاوەڕوانكراوە
هاوپەیمانيی سێقۆڵی هەنگاو بۆ هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی دەنێت

هەموارەكە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێیە

فراكسیۆنی سەدر بە پاڵپشتیی هاوپەیمانەكانی كار بۆ هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق دەكەن، وەك ئەوەی سەرچاوەیەكی پەرلەمانی دەیڵێت.

سەرچاوەكە ئەمڕۆ ڕایگەیاند، “پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر كەوتوونەتە جوڵە و كۆكردنەوەی واژوو بەمەبەستی هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق، لەپێناو كەمكردنەوەی بەشێك لە دەسەڵاتەكانی دادگاكە لە دەركردنی بڕیاردا، پاش دەركردنی ژمارەیەك بڕیاری تایبەت بە كاروباری سیاسی”.

میدیا عێراقییەكان لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە ئاشكرایانكرد، “جوڵەكەی فراكسیۆنی سەدر، بە پاڵپشتی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی سەروەری و پارتی دیموكراتی كوردستانە”.

هەنگاوەكە ئاسان نییە وەك ئەوەی سەرچاوەكە ئاماژەی پێداوە و وتی، “كێشەیەك لەبەردەم ئەو جوڵە نوێیەدایە، ئەویش دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێیە، ئەمەش ئەوەیە كە سەدر و هاوپەیمانەكانی ناتوانن كۆیبكەنەوە، هاوشێوەی دانیشتنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار”.

پێشتر هاوپەیمانیی سێقۆڵی چەند هەوڵێكی بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجامدا، بەڵام نەیتوانی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران كۆبكاتەوە و شكستیهێنا.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دادگای باڵای فیدراڵی ژمارەیەك بڕیاری تایبەت بە ئەنجومەنی نوێنەران، حكومەت و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەركرد، كە بەگوێرەی خواستی هاوپەیمانیی سێقۆڵی نەبوو، پێدەچێت ئەمانەش هۆكاربن بۆ هەوڵی هەمواركردنی یاسای تایبەت بە دادگاكە.

دادگای باڵای فیدراڵی بەرزترن دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق و شرۆڤەی دەقەكانی دەستوور و یاساكان دەكات و بڕیارەكانی جێبەجێدەكرێن و تانەیان لێنادرێت.

بابەتی پێشتر

ژنێك پۆستی سەرۆكایەتیی فەرەنسا وەردەگرێت

بابەتی دواتر

ئەمریکا مووشەکێکی نوێی تاقیکردەوە پێنج جار لە دەنگ خێراترە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share