نوێنەری عێراق لە ئۆپیك دەڵێت، ڕێكخراوەكە ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر زیادكردنی پشكی هەناردەی عێراق بۆ 4.5 ملیۆن بەرمیل لە حوزەیرانی داهاتووەوە.
محەمەد سەعدون، نوێنەری عێراق لە ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) ڕایگەیاند، پشكی عێراق لەمساڵدا بە بڕی 50 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیادیكردووە.
وتیشی، “میچی بەرهەمهێنان دەگاتە 4.5 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا”.
عێراق مافی زیادكردنی بەرهەمهێنانی هەیە بەپێی میچی بەرهەم، زیادبوونی دیكەی دەبێت لەماوەی مانگەكانی تەمموز، ئاب و ئەیلول بە بڕی 50 هەزار بەرمیل بۆ هەر مانگێك، وەك ئەوەی سەعدون ئاماژەی پێدا و وتیشی، “بەوەش عێراق دەگاتە ئاستی سروشتی بەرهەمهێنانی خۆی”.
بەپێی وتەی ئەو، پلانی وەزارەتی نەوت بریتییە لە زیادكردنی پلەبەند و سوودوەرگرتن لەو زیادكردنەی هەناردەكردن كە ئۆپیك پێیبەخشیوە.
بەرپرسە عێراقییەكە ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی هەڵسەنگاندنەكان ناوەندی نرخی نەوت تا وەرزی سێیەمی ئەمساڵ لە سەروو 100 دۆلارەوە دەمێنێتەوە.