بەپێی گرێبەستێك كە بەمدواییە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە واژووكراوە، 20%ی كۆی داهاتی تازەكردنەوەی توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و دەوروبەری دەخرێتەسەر ژمارە بانكییەكی هەولێر.
سەرۆكی ئازاد گەڵاڵی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند، بە ئیمزای وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی هاتوچۆی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین دەخرێتەسەر ژمارە بانكیەك لە هەولێر.
ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ خستنەڕووی نوسراوەكەدا دەڵێت، “ئەمەش بەڵگە و هەوڵێكە بۆ نەهێشتنی داهات لە بەڕێوبەرایەتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و گواستنەوەی بۆ هەولێر و كەمكردنەوەی داهاتی سلێمانی”.
بەپێی گرێبەستەكە كە بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لەگەڵ كۆمپانیایەكدا كراوە، پێویستە (20%) هەموو داهاتی ساڵانەی تازەكردنەوەی توندوتۆڵی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان بچێتەسەر ئەو ژمارە بانكییە.
گرێبەستەكە بۆ ماوەی 15 ساڵە و وەك ئەوەی لە ناوەرۆكەكەیدا هاتووە، لەو ماوەیەدا هیچ كەس و كۆمپانیایەك ناتوانێت گەراجی پشكنین و توندوتۆڵی (هەزە) لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دابنێت.
سەركۆ ئازاد دەڵێت، “ئەمە لەلایەك قۆرغكارییە و لەلایەكی دیكەش پیلانێكە بۆ كەمكردنەوەی داهاتی سلێمانی” ڕوونیشیدەكاتەوە، “هەر بەپێی ئەم گرێبەستە كۆمپانیای (توندوتۆڵ) دەبێتە چەتری كۆكردنەوەی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی پێشتر لەم سنوورەدا مۆڵەتیان وەرگرتووە، بۆ دەستبەسەراگرتنی داهاتی ئەو كۆمپانیایانە و بەڕێوبەرایەتییەكانی ناوچەكانی سنووری سلێمانی”.
هەر ئەمڕۆ بەڵگەیەكی دیكە خرایەڕوو كە بریتییە لە نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و تیایدا هاتووە، پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە 2ی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت سەرجەم نووسینگەكانی فێركردنی شۆفێری لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەرین و گەرمیان ڕسوماتی نوێكردنەوەی مۆڵەتی ساڵانە، سەرجەم غەرامە و بەشداریكردن لە خولی فێربوونی شۆفێری لە وەزارەتی ناوخۆی هەولێر بدەن.