ئەندامێكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان هۆشداری لەبارەی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسایەك لە ئەنجومەنی نوێنەران و كاریگەری لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم دەدات و دەڵێت، “ئەگەر ئەو پرۆژەیە پەسەند بكرێت عێراق دەتوانێت وەكو كارتی فشار بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكاریبهێنێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەیدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل كرد.
شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران ئەو پرۆژەیە پەسەند بكات نابێت عێراق و هەرێم مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بكەن.
ئاشكرایكرد، هەرچەندە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگای كۆمپانیاوە دەبێت، بەڵام ئەگەر كار بەو یاسایە بكرێت دەبێت هەرێم هاوشێوەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بكات.
ئەندامەكەی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان پێیوایە، بەغداد لەم قۆناغە ناتوانێت بڕیار لەسەر هەرێم بدات، بەڵام دەتوانێت وەك كارتێكی فشار دژی هەرێمی كوردستان ئەو یاسایە بەكاربهێنێت.