ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاوڵاتییان و بریكارەكانی خۆراك لە جۆرێك برنج ئاگاداردەكاتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی و کارگێڕیی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی برنجی كەڕووكردووی بەشەخۆراكی مانگانەوە هاوڵاتییان و بریكارەكانی خۆراك ئاگاداردەكاتەوە.

کاسترۆ مەعروف ئەحمەد سەرۆکی لیژنەی دارایی و کارگێڕیی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، “لە ئەنجامی بەدواداچوونم بۆ بەشێک لە بریکارەکانی خۆراک، دەركەوت بەشێک لە فەردەکانی برنج کەڕوویان تیادایە، بۆیە داواکارم لە تەواوی بریکارەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، هەر فەردەیەکی لەم جۆرەیان بینی  برنجەكەی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشنەکەن”.

سەرۆکی ئەو لیژنەیەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە بریكارەكانی خۆراك دەكات لە كاتی بوونی برنجی لەو جۆرەدا لە ڕێگەی ئیدارەی ناوچەکانیانەوە بیگەڕێننەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆراکی سلێمانی تاوەکو بۆیان بگۆڕن.

ئاشكرایدەكات كە لە پێشتریشدا حاڵەتی لەو جۆرە هەبووە و چارەسەرکراوە و دەڵێت، “داواکارم لە هاوڵاتییان كاتێك بەشە خۆراک وەردەگرن ئەگەر زانییان گرفتی هەیە ئەوا وەرینەگرن و ئیدارەی ناوچەکەیان یاخود لیژنەکەمان ئاگاداربکەنەوە بەمەبەستی چارەسەرکردن و گەڕاندنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆراکی سلێمانی”.

کاسترۆ مەعروف دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتییان لەوەی كە ئەو حاڵەتەی ڕوویداوە تەنها لە بەشێكی فەردە برنجەكاندا هەیە و لە ئەنجامی تەڕبوون لە كاتی گواستنەوەدا دورستبووە، كە ماوەیەكی زۆری خایاندووە و بارەكان لە ڕێگەی كەشتییەوە گەیشتوون بە عێراق.

بابەتی پێشتر

سكاڵا دژی قادر خۆرانی تۆماركراوە؟

بابەتی دواتر

لە هەولێر ژنێك بە كوژراوی دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share