هێزە ئەمنییەكانی عێراق سێ سەركردەی داعشیان دەستگیركرد كە چەندین كەسیان كوشتووە، سێ چەكداری تری ڕێكخراوەكەش كوژران.
لیوا یەحیا ڕەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە سێ چەكداری داعش لە چیای گەڕاو لە موسڵ كوژران.
ئاشكرایكرد، چەكدارەكانی داعش لە ناو ئەشكەوتێكدا خۆیان حەشاردابوو، لەلایەن هێزێكی سەر بە سوپاوە گەمادرۆدراون و كوژراون.
ئەمشەو شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاشكرایكرد، سێ سەركردەی داعش لە بەغداد دەستگیركراون كە سەرپەرشتیی ژمارەیەك گروپی چەكدارانی داعشیان كردووە و بەرپرسن لە ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە عێراق و سوریا.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دەڵێت، ئەو سێ سەركردەیەی داعش بە ئەبو شەهد، ئەبو سارە و ئەبو یەعقوب ناسراون و لە پێش 2014ـەوە تا ئەمدواییانەش لە ناو داعشدا چالاكبوون، چەكدارانی دەستگیركراوی ڕێكخراوەكە زانیارییان لەبارەیانەوە داوە بە هەواڵگریی عێراق و ئەمڕۆ دەستگیركراون.