هەپەگە ڕەتیدەكاتەوە گیانلەدەستدانی دوو پاسكیلسوارە دانیماركییەكە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت و پارتی بەدرۆ دەخاتەوە.
5ی ئەم مانگە لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێكی چێندراودا لە نزیك گوندی هرورێی لە ناحیەی كانی ماسێ لە ئامێدی، دوو گەشتیاری دانیماركی گیانیان لەدەستدا، كە بە پاسكیل گەشتی ناوچەكەیان ئەنجامدابوو.
هەر ئەو كات میدیاكانی پارتی گیانلەدەستدانی ئەو دوو گەشتیارەیان خستە ئەستۆی پەكەكە.
لەبەرامبەریشدا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتیكردووەتەوە، هیچ پەیوەندییەكیان بە ڕووداوی گیانلەدەستدانی دوو پاسكیلسوارە دانیماركییەكەوە هەبوبێت.
هەپەگە جەختیشی كردووەتەوە، ئەو ناوچەیەی ئەو ڕووداوە تێیدا ڕوویداوە ئەوانی تێیدانییە و هێزەكانیشیان تێیدا ناگەڕێن و دەڵێن، “ئێمە مینی چێندراو بەكارناهێنین، ئەم ڕووداوە پێویستی بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونە”.