خۆڵ گەرووی گرتووین
سەوزایی و چاندنی نەمام كۆتایی بە خۆڵبارین دەهێنن؟

خۆڵبارین لە ڕووداوی دەگمەنەوە خەریكە دەبێتە دیاردەیەكی سروشتیی و چەندبارە، لەگەڵ زیادبوونیدا شارەزایان زیادكردنی سەوزایی و داچاندن بە چارەسەر دەزانن لەكاتێكدا هەندێكی دیكەیان گرفتەكە لەوە گەورەتر دەبینن.

دوایین ئەو شەپۆلی خۆڵبارینە ماوەی چەند ڕۆژێكە لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەستیپێكردووە، شارەكانی هەرێمی كوردستانیش كە بەردەوام بە كەشوهەوا جیاوازەكەی لەوان جیادەكرایەوە لە بەردەم شەپۆلێكی چڕی هاوشێوەدایە.

شارەزایانی ژینگە و ئاووهەوا پێیانوایە كەمبوونەوەی باران، گۆڕین و كەمبوونەوەی ئاوی ڕووبار و زێكان، سەرەڕای گۆرانكارییە جیهانییەكانی ئاووهەوا هۆكاری زیادبوونی بەبیابانبوون و وشكبوونەوەن، ئەمەش بە ڕوونی لە شەپۆلە خۆڵبارینە بێ پێشینەكانی ئەم ماوەیەدا ڕەنگیداوەتەوە و دەبینرێت.

زیادبوونی سەوزایی و ڕووەك، كشتوكاڵ و چاندنی دارستانەكان بە داری زۆر بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ڕێگری لە چەندبارەبوونەوەی دادەنرێت.

ئاسۆ كەمال شارەزای ئاووهەوا و بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی دەربارەی هۆكاری زیادبوونی دیاردەی خۆڵبارین بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بوونی ناوچە بیابانی و وشكەكان لە ناوەڕاست و باشووری ڕۆژئاوای عێراق، هەروەها لە دوورگەی عەرەبی و ئەو ناوچانەش كە دەكەونە ڕۆژئاوای عێراق و بەشێك لە ناوچە بیابانی و وشكبووەكانی ڕۆژهەڵاتی سوریا هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ دروستبوونی ئەم دیاردەیە، كە بەهۆی كاریگەریی با-وە كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.

“هۆكارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وشكی و كەمبارانییەی لە ناوچەكەدا دروستدەبێت، ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵیش ناوچەكانی دەوروبەری عێراق و باشووری عێراق جگە لە هەرێم، تاڕادەیەكی زۆر لەبەردەم كەمبارینیدا بوون” ئاسۆ كەمال وای وت.

ئەوەشی وت، “بەشێكی دیكەشی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كەمی شێ لە ناوچەكە و زۆربوونی كرداری بوون بە هەڵم. جگە لە كەمی ڕووپۆشی سەوزایی”.

شاری هەولێر

تەنها لەماوەی چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی 15 شەپۆلی خۆڵبارین لە عێراق ڕوویانداوە، ئەمەش ژمارەیەكی یەكجار زۆرە بەراورد بە تۆماری ساڵانی ڕابردوو. بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی ڕوونیكردەوە، ساڵانی ڕابردووش خۆڵبارین هەبووە و تۆمارمان كردوون، بەڵام ئەمساڵ زۆرتر و چڕترە.

نمونەی ئەوەشی هێنایەوە تەنها لە ساڵی 2008دا كە بەهەمان شێوە كەمبارانی هەبووە، نزیكەی 40 حاڵە تۆماركراوە، بەڵام لە ساڵی 2019دا چونكە بارانبارینی زۆر ناوچەكەی گرتەوە و خاك پڕئاو بوو، لە سلێمانی تەنها چوار حاڵەتی خۆڵبارین تۆماركراوە.

لە ئاكامی دوایین شەپۆلی خۆڵبارین كە بەنزیكەیی سەرتاسەری عێراقی گرتەوە نزیكەی پێنج تا شەش هەزار كەس داخڵی نەخۆشخانەكان كران. ئەمەش لەكاتێكدایە پێشبینی دەكرێت ژمارە شەپۆلەكانی خۆڵبارین لە عێراق لە ساڵێكدا بۆ 300 شەپۆل تا ساڵی 2050 بەرزببێتەوە، دوای ئەوەی عێراق پلەی پێنجەمی گرتووە وەك لاوازترین وڵاتی جیهان بەرامبەر دیاردەكانی گۆڕانی ئاووهەوا.

بۆ ڕێگری و چارەسەری دیاردەكە ئاسۆ كەمال پێیوایە، بەشێك لە هۆكارەكانی سروشتین و لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤدان. لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، “ئەگەر سەوزایی و ڕووبەری درەختەكان زیادبكرێت، ئەوانە هێزێك دەدەن بە خاكەكە و لەو فشەڵی لاوازییەی تیایەتی دەربازی دەكات”.

ڕوونیشیكردەوە، پێشتر خێرایی با ئەگەر 30 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بووایە ئینجا دەیتوانی تەپوتۆز و خۆڵ بەرزبكاتەوە، بەڵام ئێستا ئەگەر لەوەش كەمتربێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تەپوتۆڕ و خۆڵ.

زیادكردنی ڕووبەری ئاویی و ئەستێلكی ئاوی لە ناوچە بیابانی و وشكەكاندا یەكێكی دیكەیە لە چارەسەرەكان بە بڕوای ئاسۆ كەمال ئەگەر بتوانرێت و بەكاربهێنرێت بۆ ئاودانی ناوچە سەوزاییەكان و وتی، “ئەو هەنگاوانە دەتوانێت خۆڵبارین تاڕادەیەك سنوورداربكات”.

بەڵام شارەزایەكی بواری ژینگە ڕێگریكردن لە خۆڵبارین بە ئەستەم و بە هاوشێوەی ڕێگری لە تیشكی خۆر ناودەبات.

د. هەڵەت ڕەشید مامۆستای زانکۆ و کارگێڕی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند، خۆڵبارین وەکو کارەساتێکی هاوشێوەی بوومەلەرزە و گەردەلولە خولگەییەکان بێ چارەسەرە و ساڵانە زیانی میلیۆنەها دۆلار لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەدەن.

ئەو شارەزایە لە وتارێكدا دەشڵێت، “هەوڵدان بۆ ڕێگرتن لە خۆڵبارین وەکو هەوڵدانە بۆ ڕێگرتن لە گەیشتنی تیشکی خۆر بەزەوی، چونکە سەرچاوەی دروستبوونی خۆڵبارین ناوچە وشک و بیابانیەکانە کە نزیکەی 35%ی ڕووبەری ووشکانی زەوی پێکدەهێنن”.

ڕوونیشیدەكاتەوە، خاکی ئەم ناوچانە خاکێکی لماوی یان وورد و فشەڵە بە بوونی بای خێرا یان داکەوتنی هەوا (تەوژمە هەوای داکەوتوو)، ئەم کارەساتە دروستدەبێت و مەودایەکی فراوان بەشێوەی ستوونی و ئاسۆیی دەگرێتەوە، کە هەندێک جار بەبەرزی 6 کیلۆمەتر و بەدوری 6000 کیلۆمەتر بە بەرگی گازی (هەودا) بڵاودەبنەوە، کەواتە نەوەک ڕووبەری سەوزایی و دارستان و بەرزی دارەکان، بەڵکو بەرزی شاخەکان و شێی دەریا و زەریاکانیش ناتوانن ببن بە بەربەست لە بەردەم بڵاوبونەوە و دابارینی خۆڵ و تۆزی ناوچە وشکەکان.

ئەو شارەزایە دووپاتیشیدەكاتەوە، “چاندنی دار و زیادکردنی سەوزایی ناتوانێت بنەبری دیاردەی خۆڵبارین بکات بەڵکو کاریگەریەکەی بەڕێژەی 30% کەمدەکاتەوە، یەک هێکتار لە دارستان (4 دۆنم = 10000م ²) ساڵانە دەتوانێ 18 ملیۆن مەتر سێجا، هەوا لەخۆڵ پاکبکاتەوە، بۆیە سەوزایی دەتوانێت ڕێژەی خۆڵ لەهەوا کەمبکاتەوە، بەڵام ناتوانێت کارەساتەکە ڕابگرێت، تەنها لە حاڵەتێک نەبێت ئەویش هەموو ناوچە ووشک و بیابانەکانی سەر زەوی هەمووی بکرێت بە دار و دارستان، ئەمەش ناتوانرێت”.

بابەتی پێشتر

فەرماندەی یەژاستار:‏ مەسرور بارزانی هێرشەکانی سەر زاپ ڕێکدەخات

بابەتی دواتر

وێنە.. هاوسەرگیرییەکی "نازییانە" لە مەکسیک هەرادەنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share