ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی دان بە ئەنجامی هەڵبژئاردنەکانی ئۆڵۆمپی عێراقدا نانێت

سەرمەد عبد الالە، کاتی دەنگدانی لە هەڵبژاردنەکانی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق

سەرچاوەکان هەواڵ ئاشکرایانکردووە، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی دان بەو هەڵبژاردنەدا نانێت کە ماوەی ڕابردوو لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقەوە ئەنجامدراوە.

کەناڵەکانی “الدوری و الکاس” لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ئاشکرایکردووە، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی ڕەتیکردووەتەوە شەرعیەت بەو هەڵبژاردنە بدات کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقییەوە بۆ پۆستی ئەندامان و سەرۆک ئەنجامیداوە، هۆکارەکەشیان بۆ سکاڵاکردنی 19 ئەندامی ئەنجومەنی گشتی گەڕاندووەتەوە.

هەندێک لەسەرچاوەکان ئاماژەیان بە ڕاگەیانراوێکی لیژنەی ئۆڵۆمپی کردووە، تیایدا هاتووە، ” بە باشی خوێندنەوەمان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان کرد، گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی چەندین بابەتی مەترسیدار سەبارەت بە شایستەیی کاندیدەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا وروژێنراون کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە، پێشتریش لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقییەوە ئەم کێشانە چارەسەرنەکراوە و پیشێلکاری گەورەی لە سیستمی بنەڕەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق لێکەوتووەتەوە، بەپێی پەیماننامەی ئۆڵۆمپی تایبەت، جومگەی 1.5 لە ڕێساکانی 27 و 28، بەرپرسانی لیژنەی جێبەجێکار و لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتیمانی پێویستە پاڵپشت بە سیستمی بنەڕەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتیمانی هەڵببژێردرێن”.

هەروەها نوسراوە، ” سەرەنجامی لێکدانەوەکان، بەداخەوە پێتانڕادەگەیەنین وەک لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئۆڵۆمپی ئاسیا لە باردۆخێکدا نین دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بنێین، خەمبارین لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی نەیتوانیوە کۆتا ڕێکارەکانی نەخشەڕێگای کار بەپێی یاسا کۆتایی پێبهێنێت بەو شێوەیەی لەپێشوودا ڕێککەوتنی لەسەرکراوە”.

لە ماوەی ڕابردوودا لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق پاڵپشت بە هەڵبژاردنێکی یاسایی، (سەرمەد عبد الالە)ی وەک سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی دەستنیشانکرد.

بابەتی پێشتر

کچە کوردێک خەڵاتی لۆریاڵی زێڕینی بۆ ئەدەب وەرگرت

بابەتی دواتر

ئینتەرمیلان ئامادەیە ئاڵوگۆڕێکی گەورە لەگەڵ ناپۆلی ئەنجامبدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share