هێرشێكی چەكدارانی داعش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی قەزای فەللوجە لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە پوچەڵكرایەوە.
دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، هێزەكانیان ڕووبەرووی هێرشێكی داعش بووەتەوە كە ئامانج لێی كۆنتڕۆڵكردنی ناحیەی سجەر-ی سەر بە قەزای فەللوجە بووە لە چێوەی پرۆسەكانی ڕۆژهەڵاتی ئەنبار.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، چەكدارانی حەشد سەركەوتوو بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەكە و ناچاركردنی هێزە هێرشبەرەكە بە پاشەكشە.
داعش دۆخی كەشوهەوا و خۆڵبارینی چڕی بۆ ئەنجامدانی هێرشەكەی قۆستووەتەوە، وەك ئەوەی حەشدی شەعبی ئاماژەی پێداوە.
هێرشەكە لەكاتێكدایە شەوی ڕابردوو بەهۆی خۆڵبارینی چڕەوە عێراق هێزەکانی خستە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
شەپۆلی خۆڵبارین لە پارێزگا و ناوچەکانی خۆرئاوای عێراق و جەزیرە هێندە چڕبووەتەوە، مەودای بینین بۆ تەنها چەند مەترێک کورتبووەتەوە.
لە ترسی قۆستنەوەی باری کەشوهەوا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، عێراق هێزە ئەمنییەکانی لە هەرسێ پارێزگای ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەدین خستە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
هاوکات لە بەغداد هێزی پۆلیسی فریاکەوتن خرایە دۆخی ئامادەباشییەوە و فەرمان بە مەفرەزەکانی هێزەکە کراوە ئەمشەو تا ڕۆژدەبێتەوە بە هەموو شەقام و گەڕەکەکانی پایتەختدا بگەڕێن، بۆ بەدەمەوەچوونی هەر دۆخێکی نەخوازراو و کۆنترۆڵکردنی ڕووداوی کتوپڕ.