دوای كشانەوەكەی سەدر عێراق بەرەو كوێ دەڕوات؟

دوای كشانەوەی نوێنەرانی ڕەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران و پرۆسەی پێكهێنانی ‏حكومەتی نوێی عێراق، هێشتا ئەو پرسە چەند قۆناغێكی یاسایی ماوە تا بچێتە بواری ‏جێبەجێكردنەوە، لەو نێوەندەدا كۆمەڵێك سیناریۆ لەبەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و ‏پێكهێنانی حكومەتی نوێ هاتوونەتە ئاراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەوڵیش هەیە بۆ ‏ئەوەی سەدر لە بڕیارەكەی پاشگەزببێتەوە.‏

بڕیارەكەی دوێنێی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی و شەقامی عێراقیدا دڵەڕواكێی دروستكرد، ‏ئەمە جگە لەوەی ناڕوونی و ئاڵۆزییەكانی پێكهێنانی حكومەتیشی زیاتركرد، محەمەد ‏حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە گەرمەی ئەو ڕووداوانەدا بەپەلە عێراقی ‏بەرەو ئوردن بەجێهێشت.‏

جێگرەوەكانی پەرلەمانتارانی سەدر چۆن دیاریدەكرێن؟

دوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر لەلایەن محەمەد ‏حەلبووسی-یەوە، پرۆسەكە چەند هەنگاوێكی دیكەی ماوە و ئەوكات قسە دێتە سەر ‏جێگرتنەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان.‏

دیلان غەفور، پەرلەمانتاری یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بۆ ‏دەستلەكاركێشانەوەی حاكم زاملی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پێویستی ‏بەدەنگی پەرلەمانتاران هەیە، بەهۆی ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڵبژێردراوە، ‏بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر پێویست بە پەرلەمان ناكات.‏

ڕوونیشیكردەوە، جێگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان پێویستی بە كۆمسیۆنی ‏هەڵبژاردنە پەسەندی بكات و جێگرەوەكانیان دیاریبكات.‏

جەمال ئەسەدی شارەزایەكی یاساییە لە عێراق، ڕوونیكردووەتەوە، لەدوای ‏دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر، ژمارەی كورسیی هاوپەیمانێتیەكان ‏گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەشێوەیەك، چێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی ‏كورسییەكانیان بەرزدەبێتە وە بۆ 178 كورسی، هاوپەیمانیی سێقۆڵی، كە چیتر بووەتە ‏هاوپەیمانێتییەكی دوو قۆڵی، (پارتی و سوننەكان بەبێ سەدر) 98 كورسی، سەربەخۆ و ‏ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناوبردووە، كورسییەكانیان بەرزدەبێتەوە بۆ 53 كورسی.‏

ئەو گۆڕانكارییانە لە كورسیی لایەن و هاوپەیمانێتییەكان، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی دەبێت ‏لەسەر هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بە ڕووكەش وا دەردەكەوێت كە رێگەی ‏بەردەم چێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی دیكەی نزیك لە چێوەكە ئاسانتر بووبێت بۆ ‏پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ناشبێت ئەگەرەكانی دیكەی جووڵەكانی بەردەم موقتەدا سەدر-‏یش بەهەند وەرنەگیرێت.‏

بەشێكی زۆری لێكدانەوەكان بەرەو ئەوەن، كە سەدر سیاسەت و ململانێكانی لە ناو ‏ئەنجومەنی نوێنەران و ناوەندە سیاسەییەكانەوە بگوازێتەوە بۆ شەقام و ئەگەری ‏جووڵاندنی لایەنگرەكانی.‏

كاریگەریی هەنگاوەكەی سەدر لەسەر هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە

ئەوەی ڕوونە، موقتەدا سەدر هەنگاوی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی بێ ‏هاوپەیمانەكانی داوە و پارتی و سوننەكان لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نەبوون، لێدوانی ‏حەلبووسی بەوەی زۆر هەوڵیانداوە موقتەدا سەدر لەو هەنگاوە پەشیمان بكەنەوە، ‏دەرخەری ئەو ڕاستییەیە.‏

بۆیە ئێستا هیچ نەبێت، سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران پارتی دیموكراتی كوردستان و ‏سوننەكانی هاوپەیمانی بە تەنها جێهێشتووە، دیار نییە لە دەرەوەی ئەنجومەنەكەش ئەو ‏لایەنانە چۆن دەتوانن دەست بە هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكەیانەوە بگرن.‏

دواجار ئەوەی بۆ هاوپەیمانەكانی سەدر مایەوە، تەنها ئەوەبوو بلێن، “ڕێز لە بڕیارەكەی ‏دەگرین”.‏

بەڵام بە حوكمی پێگەكەی، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ‏ناچار بوو زیاتر لەسەر ئەو پرسە بكات و بڵێت، ڕێكارە یاساییەكان دەگرنەبەر بۆ ‏دەستنیشانكردنی جێگرەوەكانی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان.‏

سیناریۆكانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق چین؟

سالار مەحمود سیاسەتوان و ڕاوێژكاری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق پێیوایە، دوای ‏بڕیارەكەی سەدر، عێراق لەبەردەم چوار سیناریۆدایە.‏

ئەو پێیوایە، دەكرێت دۆخەکە وەک ئێستا بمێنێتەوە و “ئەمری واقیع” بەردەوامیی ‏پێبدرێت، یان ململانێکان ببرێنە شەقام، وەك ئەوەی لە سەرەوە باسكرا.‏

یەكێكی دیكە لە سیناریۆكان ئەوەیە، كە حکومەتی لەناکاو “طواريْ” ڕابگەیەنرێت، ‏بەھەندێك گۆڕانکارییەوە لە وەزارەتەكاندا.‏

بە لێكدانەوەی سالار مەحمود، چوارەم سیناریۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ‏خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە.‏

بەشێكی دیكە لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەو بڕیارەی سەدر فشارە بۆسەر چێوەی ‏هەماهەنگی.‏

لەو بارەیەوە، عەبدوڵڵا كینانی چاودێری سیاسی پێیوایە، بڕیارەكەی سەدر بۆ فشار ‏خستنەسەر چێوەی هەماهەنگییە، تا بە داواكارییەكانی ڕازی بن.‏

ئەو چاودێرە سیاسییەی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا جەختیكردەوە، ‏لەماوەی ڕابردوودا سەدر چەند جارێك لەگەڵ هاوپەیمانەكانی هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی ‏دا، بەڵام بەهۆی ڕێگرییەكانەوە سەركەوتوونەبوو، بۆیە ئێستا بەم بڕیارەی دەیەوێت ‏كارتی دیكە تاقیبكاتەوە.‏

هەرچەندە بڕیارەكەی سەدر نوێیە و پرۆسەی جێبەجێكردنەكەشی پێویستی بە ماوەیەك ‏هەیە، بەڵام بە وتەی چەند سەركردەیەكی سیاسی، لەگەڵ سەدر گفتوگۆ دەكرێت تا لەو ‏بڕیارەی پاشگەزیبێتەوە.‏

هیشام ڕكابی، سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی بە میدیا عێراقییەكانی وتووە، چێوەی ‏هەماهەنگی دەستپێشخەرییەكی نوێی دەبێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە، ‏شاندێكیش دەنێرنە حەنانە تاوەكو لەگەڵ سەدر گفتوگۆ بكەن، كە لە بڕیارەكەی ‏پاشگەزببێتەوە.‏

هەموو ئەوانەی باسكران، پێویستە ئەوەیان لەگەڵدا بە هەند وەربگیرێت، كە موقتەدا سەدر ‏لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند بڕیارێكی دەركردووە و دواتر پاشگەزبووەتەوە، ‏لەوانەش بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەروەها بەردەوامیدان لە ‏پشتگیریكردنی تشرینییەكان.‏

بڕیارەكەی سەدر و پەرلەمانتارەكانی، كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەكخست و ‏تاوەكو دوای جەژنی قوربان هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجامنادرێت

بابەتی پێشتر

حەلبووسی: جێگرەوەی پەرلەمانتارەكانی سەدر دەستنیشان دەكەین

بابەتی دواتر

فەرمی.. مانچستەر سیتی هالاندی بە هاندەران و ڕاگەیاندنەكان ناساند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
14
Share