فلۆرینتینۆ پیرێز سەرۆكی یانەی ڕیاڵ مەدرید دڵخۆشی خۆی پیشاندا بەوەی بۆ جاری سی و پێنجەمین بونەتە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا، دوای ئەوەی بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر لە ئیسپانیۆلیان بردەوە.
ڕیاڵ چوار هەفتە بەر لەكۆتایی هاتنی خولەكە، ناسناوەكەی مسۆگەركرد.
پیرێز دوای یارییەكە جەختی كردەوە لەوەی ئامانجیان لە سەرەتای وەرزەكەوە هەردوو ناسناوی چامپیۆنزلیگ و لا لیگا بووە.
وتیشی: “بنزیمە ئەستێرەیەكی گەورەی تۆپی پێیە و بێ هیچ دودڵییەك شایستەی ئەوەیە تۆپی ئاڵتونی پێبدرێت.”
پیرێز ئەوەشی ئاشكراكرد كە دیاریكردنی ئەنچیلۆتی بۆ جێگەی زیدان بڕیاری خۆی بووە و كاتێكیش پەیوەندی پێوە كردووە ئەنچیلۆتی وتویەتی بە ڕاكردن دەگەڕێمەوە.
سەرۆكی ڕیاڵ مەدرید جەختی كردەوە لەوەی كە ئەوان پێویستە چوار شەممە بردنەوە بەسەر مانچستەر سیتی بەدەستبهێنن.