سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە خانەنشینان دڵنیادەكاتەوە

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی خانەنشینان لە كۆبوونەوەی 26ی مانگی ڕابردوودا بڕیار لەسەر چەند خاڵێك دران كە تەواوی ئەو خاڵانە جێبەجێكراون و دەڵێت، ” هەر بانكێك پێویستی بە لقی نوێ هەبێت بۆی دەكرێتەوە”.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی خانەنشینانی شارستانی لە 26ی مانگی ئازار لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبوونەوەیەك بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری بانكەكان و بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بەرێوەچوو بڕیار لەسەر چەند خاڵێك دراون و تەواوی خاڵەكان جێبەجێكراون.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وتی، ” یەكێك لە خاڵەكان جیاكردنەوەی مووچەی خانەنشینیی شارستانی بووە لە مووچەی خانەنشینیی سەربازی و پێشخستنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی كە بە بەرارورد بە مانگەكانی ڕابردوو ئەو خاڵانە جێبەجێكران”.

ئاشكرایكرد، ئەو حاڵەتەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە مووچەی خانەنشینانی شارستانی ڕوویداوە نووسینگەیەكی نوێی بانكییە بۆ مووچەی خانەنشینانی شارستانی كراوەتە كە بیناكە بە كرێ گیراوە و پێشتر ئەو بانكە لە بینایەكی 160 مەتریدابووە و بینایەكی نوێیەیان بۆ گیراوەكە هەزارو 200 مەترە و شوێنی حەوانەی بۆ خانەنشینان تێدا ئامادەكراوە.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ” لە كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكی هەرێم بەڵێنیدا هەر بانكێك پێویستی بە كردنەوەی نووسینگە هەبێت بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان داواكەیان جێبەجێدەكرێت”.

ئازاد محەمەد، تەئكیدیكردەوە وەكو ئەنجومەنی پارێزگا ئامادەن هەر گرفتێك لە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان هەبێت بەدواداچوونی بۆ دەكەن و هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن و وتیشی” بەشێكی بانكەكان پێویستیان بە پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان هەیە بۆ ڕێكخستنی خانەنشینان لەكاتی وەرگرتنی مووچەكانیاندا”.

بابەتی پێشتر

پێنج ڕۆژە لە هەرێمی كوردستان كەس بە كۆرۆنا نەمردووە

بابەتی دواتر

عێراق قەدەغەی سەر هاوردەكردنی بیرەی لابرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share