ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پەسەندکردنی 65 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکان کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەی سێشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگبدات لەسەر پەسەندکردنی نزیکەی 65 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان، دەوامی فەرمانگەكان و لێبڕینی موچەش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەیە.

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەنگ دەدرێت لەسەر پەسەندکردنی بودجەی پڕۆژەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەسەرجەم قەزا و ناحیەکانیەوە بەبڕی 65 ملیار و 22 ملیۆن دینار.

هەر لە کۆبوونەوەکەی سبەیدا بڕیارە دەنگبدرێت لەسەر پەسەندکردنی بڕی زیاتر لە 12 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان و هاوکات زیاتر لە 16 ملیار دینار بۆ ئیدارەی ڕاپەڕین.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە گفتوگۆكردن لەسەر دەوامی فەرمانگەكان و هەروەها بەردەوامبوونی لێبڕینی موچە.

ساڵانە پارێزگاکان بڕی بودجەی پەرەپێدانیان بۆ دیاری دەکرێت و لە ئەنجومەنی پارێزگاوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارە و قەزا و ناحیەکاندا، بڕی پارەکە بۆ پڕۆژەكان دەنگی لەسەردەدرێت.

لە بودجەی پەرەپێداندا زیاتر گرنگی بە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەدرێت و بەشێک لە قەزا و ناحیەکانیش لە بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ ئیدارەکەیان ناڕازین.

بابەتی پێشتر

ئاگرەكەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق كۆنتڕۆڵكرا

بابەتی دواتر

یاریزانە ڕەشئەسمەرەکانی ئینگلتەرا ڕوبەڕووی ڕەگەزپەرستی بوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share