وەڵامی سامانە سروشتییەكان دەدرێتەوە.. بەنزینی كەمتر بۆ سلێمانی نێردراوە ‏

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ‏ئاشكرایدەكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كەمتر لەو بڕەی كە بۆ سلێمانی ‏دیاریكراوە، بەنزینە 690 دینارییەكەی بۆ پارێزگاكە ڕەوانەكردووە.‏

دوێنێ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و باسی لەوەكردبوو، ‏كە بێ جیاوازی بەنزینە 690 دینارییەكەی عێراقی بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ‏دابینكردووە، هەر قسەیەكی لەوبارەیەوە بە چەواشەكاری وەسفكرد، بەڵام لیژنەی وزە و ‏سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێچەوانەی قسەكانی وەزارەتەكە ‏دەسەلمێنێت. ‏

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای ‏سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای دووپاتكردەوە كە “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ‏جیاوازیی كردووە لە دابەشكردنی بەنزینە 690 دینارییەكەی عێراق”.‏

سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكە وتی، لەو بڕەی كە حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی دەنێرێت، ‏كە زیاتر لە یەك ملیۆن لیتری ڕۆژانەیە، پێویستە 360 هەزار لیتری ڕۆژانەی بۆ ‏سلێمانی بێت، “بەڵام ڕۆژانە نزیكەی 240 بۆ 260 هەزار لیتر ڕەوانەی پارێزگای ‏سلێمانی كراوە و ئەو بڕەی بۆی دیاریكراوە وەكو خۆی ڕەوانە نەكراوە و هەر جارە و ‏بەبیانوویەك بووە”. ‏

گرفتی سلێمانی هەر لە كەمگەیشتنی بەنزینە عێراقییەكەدا نییە، بەڵكو حكومەت و ‏وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕۆژانە بەنزین دەدەنە كۆمپانیای سەن ئۆیڵ و پێویستە ‏پشكی سلێمانی تێدابێت، بەڵام هەر لە سەرەتاوە هیچ بڕە بەنزینێك بە سلێمانی نەگەیشتووە، ‏بۆیە كەریم عەلی دەڵێت، “ئەوە یەكێكی دیكەیە لەو غەدرانەی كە لە سلێمانی دەكرێت و ‏دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار لیتر لەو بەنزینەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ‏پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕەوانە بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا كۆمپانیاكە ‏یەك لیتریشی نەناردووە”. ‏

ئاشكراشیكرد، لەبارەی ئەو بەنزینەی سامانە سروشتییەكانەوە، وەكو ئەنجومەنی پارێزگای ‏سلێمانی نووسراویان بۆ وەزارەتەكە كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن، ئەگەر جێبەجێ ‏نەكرێت، ئەوا سكاڵا دژی كۆمپانیاكە و وەزارەت تۆمار دەكەن.‏

بابەتی پێشتر

بە وێنە.. بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە منداڵێک گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

"زانیارییە فەلەكناسییەكان هەڵەن" <br>ڕوونكردنەوەی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی دیاریكردنی جەژنی ڕەمەزان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share