نۆ پارت و لایەنی سیاسیی كوردستان داوای ئازادكردنی ئۆجالان دەكەن

نۆ پارت و لایەنی سیاسیی كوردستان داوای ئازادكردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان “پەکەکە” دەكەن و جەختدەكەنەوە كە ئازادكردنی ناوبراو، مەرجی بەرقەراربوونی ئاشتییە لە توركیا و ناوچەكەدا.

هەریەك لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان – لقی سلێمانی، حزبی شیوعی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(PJAK)، پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزیدییان (PADÊ) و پارتی سەوزی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیەندراوێكیان لەبارەی ڕێبەری پەكەكە و زیندانیكردنی بۆ ماوەی 23 ساڵ بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا ئەو پارت و لایەنانە دەڵێن، “لە ماوەی ئەو بیستوسێ ساڵەدا بەڕێز ئۆجەلان لە دژوارترین دۆخی زیندانییدا ژیانی بەسەربردووە، بە گەلێک شێواز و ڕێگەوە ئەشکەنجە دراوە و گۆشەگیرییەکی توندی بێوێنەی بەسەردا سەپێنراوە و ڕاپۆرتەکانی “کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا”ش ئەو راستیانەی دووپاتکردووەتەوە و دەستنیشانی کردووە کە دۆخێکی نائاسایی لە زیندانی ئیمراڵیدا هەیە. هەروەها کۆنسەی ئەوروپاش داوای روونکردنەوە و زانیاریی لەسەر دۆخی بەڕێز ئۆجەلان کردووە”.

ئازادكردنی ئۆجالان مەرجی بەرقەراربوونی ئاشتییە لە توركیا و ناوچەكەدا

نۆ پارت و لایەنە سیاسییەكە ختدەكەنەوە كە ئازادكردنی ئۆجەلان، مەرجی بەرقەراربوونی ئاشتییە لە توركیا و ناوچەكەدا و ڕایانگەیاندووە، “ئەو ڕاستییە تەواو ئاشکرا بووە کە ئازادکردنی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی دۆزی کورد و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا و ناوچەکە ئاوێتەی یەکتر بووە و  بووەتە مەرجێکی سەرەکی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلان”.

ئەو پارت و لایەنانە پشتگیری لە هەوڵی ئازادكردنی ئۆجەلان دەكەن و دەڵێن، “ئێمە وەک پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەمیانەی ئەم لێدوانە هاوبەشەوە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەردەبڕین، کە ڕێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی دۆزی کورد و سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە دەکاتەوە”.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:-

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی حزبەکان سەبارەت بە ئازادیی دەستبەجێی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان

وەک دەزانرێت ئێستا 23 ساڵ بەسەر ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەدا تێدەپەڕێت کەوا لەمیانەیدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە دەستگیرکرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرایەوە. هەر یەکێک لەو دەوڵەت و هێزانەی بەشداری ئەو پیلانگێڕییە ببوون، بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری جیاواز و تایبەتیان هەبوو، بەڵام گشتیان لەوەدا کۆک و رێککەوتوو بوون کەوا لەمیانەی ئەو پیلانگێڕییەدا بتوانن ئیرادەی گەلی کوردستان و بزووتنەوە ئازادییەکەی تێکبشکێنن و نەهێڵن بە مافە رەواکانی بگات.

لەماوەی ئەو بیستوسێ ساڵەدا بەڕێز ئۆجەلان لە دژوارترین دۆخی زیندانییدا ژیانی بەسەربردووە، بەگەلێک شێواز و رێگەوە ئەشکەنجە دراوە و گۆشەگیرییەکی توندی بێوێنەی بەسەردا سەپێنراوە و راپۆرتەکانی “کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا”ش ئەو راستیانەی دووپاتکردۆتەوە و دەستنیشانی کردووە کە دۆخێکی نائاسایی لە زیندانی ئیمراڵیدا هەیە. هەروەها کۆنسەی ئەوروپاش داوای روونکردنەوە و زانیاریی لەسەر دۆخی بەڕێز ئۆجەلان کردووە.

ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کەوا تێکۆشانی بەڕێز ئۆجەلان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکە لەبنچینەدا تێکۆشانێکی بەرگریی رەوا بووە و لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد بووە، کە ئەمڕۆ بۆتە گرێی سەرەکی ناوچەکە و جیهان و تا ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت، لە کوردستان و ناوچەکەشدا ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. بەڕێز ئۆجەلان لەماوەی سی ساڵی رابردوودا چەندین جار پڕۆژەی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتیانەی پێشکەش کردووە و چەندین دەستپێشخەریی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی کردووە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا، لەبری وەڵامدانەوەی ئەرێنی ئەو پرۆژە و دەستپێشخەرییە ئاشتیخوازانەیە، لەلایەکەوە گۆشەگیرییەکی توندی لە ئیمڕاڵی سەپاندووە و هەموو مافێکی بەڕێز ئۆجەلانی پێشێل کردووە، لەلایەکی تریشەوە شەڕێکی سەرتاپاگیریی دژ بە گەلی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بەرپاکردووە و دەیەوێت لەمیانەی سیاسەتەکانی”نکۆڵیکردن، قڕکردن، تواندنەوە(ئاسمیلاسیۆن)، کۆچبەرکردن و پارچەکردنی گەلی کورد”دا کۆتایی بە گەلی کورد و دۆزە رەواکەی بهێنێت. بەڵام ئەمڕۆ ئەو راستییە تەواو ئاشکرا بووە کە ئازادکردنی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی دۆزی کورد و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا و ناوچەکە ئاوێتەی یەکتر بووە و  بۆتە مەرجێکی سەرەکی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان. بۆ ئەمەش پێویست دەکات هەموو لایەک هەوڵ و پشتیوانی خۆی بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی بەڕێز ئۆجەلان بدات. لەم رووەوە خەڵکی باشووری کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن لە ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی پرسی کورد.

بۆیە ئێمە وەک پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەمیانەی ئەم لێدوانە هاوبەشەوە پشتیوانی خۆمان بۆ ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەرببڕین، کە رێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی دۆزی کورد و سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەکاتەوە.

ناوی پارت و لایەنە سیاسییەکان:

1.  حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان – لقی سلێمانی

2.  حزبی شیوعی کوردستان

3.  بزوتنەوەی گۆڕان

4.  حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

5.  کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران

6.  تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان

7.  پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(PJAK)

8.  پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزیدییان (PADÊ)

9.  پارتی سەوزی کوردستان

بابەتی پێشتر

ئەنجامدەرانی تەقینەوەكانی بەغداد لەسێدارە دەدرێن

بابەتی دواتر

بە ژمارە.. نەوتی عێراق بۆ دەوڵەت و نەوتی هەرێم بۆ حزب و كۆمپانیاكان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حکومەتی هەرێم هۆشداری دەدات

حکومەتی هەرێم لەبارەی بارینی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاوەوە هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات. فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێم…
Total
0
Share