زیاد جەبار: بەغداد گرفتی لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێم هەیە و داوای دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی دەكات

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر پێشنیازەكەی بەغداد بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نەوتی دەڵێت، “پێشتر یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتییەكان پەسەندكراوە  حكومەتی هەرێم كاری پێنەكردووە و دامەزراندنی سندوقەكە بۆ كۆكردنەوەی داهاتی نەوتە و حكومەتی عێراق-یش گرفتی لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێمدا هەیە”.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە خولی پێشووی پەرلەمان یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتییەكان پەسەندكرا كە دامەزراوەیەك دروستبكرێت تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان، بەڵام حكومەتی هەرێم كاری بە یاساكە نەكردووە و جێبەجێینەكردووە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی وتی، ” چەند جارێك باس لە دامەزراندنی كۆمپانیایەكی تایبەت بە بواری نەوتی لە هەرێمی كوردستان كرا، بەڵام ئەوەش نەكراوە و ئێستا بەغداد وەك مەرجێك داوای دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نەوتی لە هەرێم كردووە و وردەكارییەكەی تا ئێستا یەكلانەكراوەتەوە”.

ئاشكرایكرد، یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتییەكان تایبەتە بە كۆكردنەوەی داهاتی نەوت و ئێستا بەغداد گرفتی لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێم هەیە بۆیە داوای دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نیشتمانی لە هەولێر كردووە.

عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغداد ڕایگەیاندبوو، بەغداد داوایكردووە كۆمپانیایەكی نەوتی لە هەولێر دابمەزرێندرێت، بەڵام هەرێم پێشنیازەكەی ڕەتكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەک: گۆڕانی دەنگ ڕەنگە نیشانەی جۆرێکی شێرپەنجە بێت

بابەتی دواتر

بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی بینای كۆلێژی كۆمپیوتەر و تەكنۆلۆژیای زانیاری لە خانەقین دروستدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share