ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەردەوامیدان بە دانوستان لەگەڵ حكومەتی ناوەند بۆ گەیشتنە ڕێككەوتێك لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز كە بەرژەوەندیی گشتیی هەمووان لەخۆبگرێت دووپاتدەكاتەوە، بڕیاریشیدا ڕەسمی باج و گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە ڕەمەزاندا هەڵبگیرێت.
بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە سەرەتا قوباد تاڵەبانی کورتەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ یۆنان خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا حكومەتی یۆنان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ھەماھەنگیكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لەبوارە جیاكاندا، بەتایبەت لە گەشتوگوزار و وەبەرھێناندا.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، خاليد شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند، باسی لە سەردانەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرد.
“ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکی لێکردنیان لە چێوەی دەستووری عێراق. لەو ڕوانگەیەشەوە، حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز کە بەرژەوەندیی گشتیی هەمووان لەخۆبگرێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆکان تائێستا بەردەوامن و ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجام نەدراوە”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.
ئاماژەشدەدات، حکومەتی هەرێم چارەسەری بنەڕەتیی ئەم بابەتە لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەک لە دەستووردا هاتووە، حکومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی لە بەرامبەر کۆمپانیا نەوتییەکان دووپاتدەکاتەوە تا گەیشتن بە ڕێکكەوتنی کۆتایی بەگوێرەی دەستوور، کە مافی هەموو لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت.
هەر لە كۆبوونەوەدا ڕەشنووسی (پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان) پەسەندكرا کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی ناوی بازرگانی و تۆمارکردنی لە تۆمارنامەی بازرگانی و دەستنیشانکردنی لایەنی پەیوەندیدارە. هەروەها (پڕۆژەیاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەندكرد.
ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویشی پەسەندکرد، سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی باج و گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی ڕەمەزاندا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم.