“بازرگانیی سێكسی”.. هۆشدارییەك دەربارەی كچ و ژنانی ئاوارەی ئۆكرانی دەدرێت

لەلایەن كەسانێكەوە پێگەیەك بۆ پەیوەندیی سێكسی لەگەڵ ئاوارە ئۆكرانییەكان بەكاردەهێندرێت

ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی هۆشداریدەدات دەربارەی پێگەیەكی تایبەت بە هاوكاریكردنی كچە ئۆكرانییە ئاوارەكان لە قۆرغكردنیان لەڕووی سێكسییەوە.

ڕێكخراوی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەران (UNHCR) داوای لە حكومەتی بەریتانیا كرد دەستێوەردان بكات بۆ ڕێگری بكات لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی تازە پێگەیشتووانی بەریتانی لەگەڵ كچ و ژنانی ئۆكرانیا، بەهۆی ترسی قۆرغكردنیان لەڕووی سێكسییەوە لەمیانەی گەڕانی ئاوارەبووان بەدوای پەناگەدا دوای ئەو شەڕەی وڵاتەكەیانی گرتووەتەوە.

هۆشداریی ڕێكخراوەكە دوای ئەو دەنگۆیانەیە كە باس لە سودوەرگرتنی كەسانێك دەكات لە پێگەی (Homes for Ukraine) بۆ بەئامانجگرتنی كەسە لاوازەكانیان. بەپێی ڕێكخراوەكە، جۆرێكی نوێی یەكترناسین دەشێت بۆ پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ كچە ئۆكرانییەكان بەكاربهێندرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكان ئاوارە ئۆكرانییەكان، ژنان بەتایبەتی و، ئەوانەیان منداڵیان لەگەڵە، لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی قۆرغكردنی سێكسیدان لە شانشینی یەكگرتوو.

لەژێر چاودێری حكومەتدا، پێگەی (Homes for Ukraine) ڕێگەی دروستكردنی پەیوەندیی میواندارێكی بەریتانی بە كۆچبەرێكی پیاو یان ژنی ئۆكرانی دەدات، لەڕێیەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوولا دروستدەبێت “بەمەش دەیان هەزار كەس پشتبەست بەو گروپانە دەبەستن كە لەژێر چاودێری یاسادا نین و تەنها لەڕێی پێگە كۆمەڵایەتیەكانەوە”، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (زە گاردیان) بڵاویكردووەتەوە.

ژنێكی تەمەن 32 ساڵ لە شاری باخموت-ی ئۆكرانی نوسیویەتی، نامەی ناوەرۆك سێكسی لە پیاوێكەوە لەڕێی مێسنجەری فەیسبوكەوە پێگەیشتووە.

ڕۆژنامەكە لەزاری ئەو ژنەوە وتی، “پیاوێكی بەتەمەن لە لەندەنەوە پەیوەندی پێوەكردم و وتی پێویستە كە لە ژووری نوستنەكەیدا هاوبەشی بكەم، پرسیاریشی لێكردم كە ئایا ڕازیم بەوە”.

هاوكات ڕۆژنامەی (زە تایمز) ئەم هەفتەیە بڵاویكردەوە، ڕۆژنامەنوسێك كە وەك ژنێكی ئۆكرانیی تەمەن 22 ساڵی خەڵكی كیێڤ خۆی دەرخستووە، لەماوەی چەند خولەكێكی پاش بڵاوكردنەوەی پەیامێكیەوە لە فەیسبوك دەربارەی میوانداریكردنی بەریتانی، دونیایەك نامەی ناجۆری پێگەیشتووە.

هەندێك لە پیاوان “درۆ”یان كردووە دەربارەی بوونی ژمارەیەك ژووری نوستن لە ماڵەكانیان، لەكاتێكدا تەنها یەك ژووری نوستنیان هەبووە، لەكاتێكدا یەكێكی دیكە پێشنیاری نوستنی لەسەر هەمان سیسەمی خۆی بۆ كردووە و نوسیویەتی، “سیسەمێكی گەورەم هەیە. دەتوانین پێكەوە بخەوین”، یەكێكی دیكە پەیامێكی دەنگی ناردووە و دەڵێت، “من ئامادەم بۆ هاوكاریكردنت، ڕەنگە تۆش بتوانیت هاوكاریم بكەیت”.

بابەتی پێشتر

وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێك گیانلەدەستدانی شۆفێرەكەی لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم: دانوستان بۆ ڕێككەوتنێك كە بەرژەوەندیی هەموان لەخۆبگرێت بەردەوام دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share