وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە: ئامانجمان دەستەبەركردنی مووچەی هەموو ڕۆڵەكانی گەلە

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئامانجی وەزارەتەكە زیادكردنی داهات و سوودەكانە بە شێوەیەك كە مووچەی هەموو ڕۆڵەكانی گەل دەستەبەربكات.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆیان كردووە لەبارەی میكانیزمی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی پیشەسازیی نەوت و غاز لە هەرێم.

ئەمڕۆ دووشەممە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق كۆبووە. دوای كۆبوونەوەكە وەزیری نەوتی عێراق وتی، “لەبارەی میكانیزمی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی پیشەسازیی نەوت و غاز لە هەرێم، لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆمان كرد”.

ئیحسان عەبدولجەبار ئەو قسانەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كرد و ڕایگەیاند، میكانیزمەكە بە شێوەیەك بێت كە “بەرژەوەندیی لایەنەكان بپارێزێت و ببێتەهۆی پەرەپێدانی ئەم پیشەسازییە و پتەوكردنی لە ڕێڕەوی دروستی خۆیدا و داهاتەكانی دەوڵەتی فیدراڵی زیادبكات، لەگەڵ بەدیهێنانی هەموو ئەوانەی مافی لایەنەكان دەپارێزن و هاوسەنگیی گشتی بۆ دەوڵەت دەستەبەردەكەن”.

وەزیری نەوت جەختیكردەوە كە ئامانجی وەزارەتەكە “زیادكردنی داهات و سوودەكانە بە شێوەیەك كە مووچەی هەموو ڕۆڵەكانی گەل دەستەبەربكات”.

لای خۆیەوە خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ڕایگەیاند، “ماوەی نزیكەی 15 ساڵە نەوت و غاز لە دۆسیە هەڵواسراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانن”.

وتیشی، “حكومەتی هەرێم بە ڕوونی لەگەڵ چارەسەركردنی ڕیشەییانەی دۆسیەكەدایە لەڕێگەی دەستوورەوە بە جۆرێك كە بەرژەوەندیی گەل بەدیبهێنێت و داهاتەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان هەرێم و پارێزگاكاندا دابەشبكرێن”.

بابەتی پێشتر

پاش "مراندنی" ڕوسییەکان.. مۆسکۆ داوا لە گووگڵ دەکات چیدی لەکەداریان نەکات

بابەتی دواتر

یەدەگی زێڕ و دراوی بیانیی ڕوسیا 11 ملیار دۆلار كەمیكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share