ئەو پزیشكەی بەهەڵە تۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر پێنج كچی درابووە پاڵ، دەڵێت، ”سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆماردەكەم ناویان زڕاندووم، بە كۆمێنتیشەوە”.
ئارا یوسف، پزیشكی جوانكاری لە سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ”ئەوەی ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، ئەو پزیشكەی باسیكردووە من نەبووم، تەنانەت پزیشكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی نییە، بۆیە ئەركی وەزارەتی تەندروستییە لەگەڵ هەڵەدنی بەدواداچوون بكەن و ڕاستییەكان ئاشكرابكەن”، بەوتەی خۆی، “تا ئەو كاتەی ڕاستییەكان ئاشكرادەبێت، كۆڵنادەم”.
ئەو پزیشكە دەڵێت، “ئەگەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم كراون، ساغبێتەوە لەسەرم، ئامادەم بەپێی یاسا هەر سزایەك وەربگرم”.
بەمافی خۆشی زانی سكاڵا تۆماربكات، ڕایگەیاند، سبەینێ یەكشەممە سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆماردەكات كە ناویان زڕاندووە، بە كۆمێنتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە.
ئاشكرایكرد، داوای قەرەبووی دارایی لەو كەسانە دەكات ناویان زڕاندووە، “دواتر قەرەبووەكە دەخەمەوە خزمەتی كەسانی كەمدەرامەت لە شارەكەمدا”.