پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چێوەی هەماهەنگیی شیعییەكان سێ پێشنیازی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت دەخاتە بەردەم موقتەدا سەدر و دەڵێت،” ئەگەر لایەنە شیعییەكان ڕێكبكەون سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت و گرفت دروستنابێت”.
كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كێشەی نێوان لایەنە شیعییەكان بەرەو چارەسەربوون دەڕوات و چێوەی هەماهەنگی كار بۆ ئەوە دەكەن گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لەلایەن شیعییەكانەوە پێكبهێنرێت و ئەو “عورفە سیاسییە”ی چەند ساڵی ڕابردووە كە هەبووە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لەلایەن شیعییەكان بێت وەكو خۆی بمێنێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەڵێت، “چێوەی هەماهەنگیی شیعییەكان سێ بژاردەی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت دەخاتە بەردەم موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر و چاوەڕواندەكرێت سەدر یەكێك لە بژاردەكان پەسەندبكات”.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وتی، “پێشنیازی یەكەم پێكهێنانی حكومەتە لەنێوان چێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر، پێشنیازی دووەم سەرۆك وەزیران لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە دەستنیشانبكرێت و وەزارەتەكان بۆ چێوەی هەماهەنگیی شیعییەكان، هەرچی پێشنیازی سێیەمیشە سەدر خۆی حكومەت پێكبهێنێت و چێوەی هەماهەنگی ببنە ئۆپۆزسیۆن بەو مەرجەی سەرۆكی لیژنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ چێوەی هەماهەنگی بێت”.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، ڕەوتی سەدر خۆی حكومەت پێكدەهێنێت و لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگیی شیعییەكان دەبنە ئۆپۆزسیۆن و سەرجەم هەنگاوەكان بەو ئاراستەیەن كە هەردوولایان بگەنە چارەسەر و ئەگەر شیعییەكان ڕێكبكەون سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت و گرفت دروستنابێت.