وڵاتانی ئەوروپا پلانی وزەی خاوێن خێراتر دەکەن.. شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا هۆکارە

هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا پاڵنەرێکی بەهێزی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپایە بۆ خێراکردنی پلانی پشتبەستن بە وزەی خاوێن، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لەو وڵاتانە تائێستاش ویستیان بۆ پتبەستن بە سوتەمەنی بەردین هەیە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردوە، بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا ئێستا کاردەکەن بۆ خێراکردنی پلانی پشتبەستن بە وزەی با و خۆر بە ئامانجی دەربازبوون لە مەترسییەکانی بازاڕی نەوت و گاز بەهۆی هێرشەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، سەرباری پاڵنەری گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا بۆ دەستبەرداربوون لە وزە بەردین.

لەگەڵ بەردەوامیی داواکاریی سەرکردەکانی ئەوروپا بۆ سزادانی ڕوسیا و سزا خستنەسەر وزەی ئەو وڵاتە کە بەشێکی زۆری کیشوەرەکە پشتیپێدەبەستێت، دوێنێ دووشەممە ئیمانوێل ماکرۆن جارێکی دیکە داواکارییەکەی لەوبارەیەوە دووپاتکردەوە بەهۆی بوونی بەڵگە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە.

لەدوای هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا بازاڕی وزە ناجێگرییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەهۆی کەمی خستنەڕوو و بەرزبوونەوەی خواست، ئەوەش نرخی نەوت و گازی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردەوە.

لاری فینک سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای “Black Rock” ڕایگەیاندووە، “پێمانوایە ڕووداوەکانی ئەمدواییە گۆڕان لە وزەی بەردینەوە بۆ وزەی سەوز یان خاوێن خێراتردەکات لەبەشێکی گەورەی جیهاندا”.

قەیرانی وزە لەجیهاندا بەشێکی زۆری لە وڵاتانی ئەوروپا چڕ بووەتەوە بەهۆی ئەوەی بەڕێژەی 40% پشت دەبەستێت بە وزەی هەناردەکراوی ڕوسیا.

ئەمریکا ئێستا پلانی هەیە بۆ ناردنی گازی شل بۆ ئەوروپا، تاوەکو گەیشتن بەبڕی 50 ملیار مەتر سێجا یان زیاتر تا ساڵی 2030، بەمەبستی پڕکردنەوەی خواستی کیشوەرەکە.

لە ماوەیەکەی نزیکدا بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی پشت بە وزەی بەردین دەبەستن، دەچنە کێبڕکێی بەدەستهێنانی وزە لە دەرەوەی ڕوسیا، چ لەڕێگەی وڵاتانی دیکە یان سەرچاوەی وزەی خاوێنەوە بێت.

لویس کینگهام سەرۆکی کاری کۆمپانیای “PB”ی بەریتانی ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، دەبێت خولگەکە بگۆڕێت، وڵاتان دەیانەوێت لە وزەی بەردینەوە ڕووبکەنە وزەی خاوێن کێشەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا ئەو پلانە خێراتر دەکەن.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە باسی لەوەکردووە، کێشەی وزە پەیوەست بە ناکۆکییەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا وایکردووە، وڵاتان هەوڵی کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان بدەن و پشت بە وزەی خاوێن بەستن خێرابکەن و بیکەن بە هەنگاوێکی جددی کە لە لوتکەی گلاسکۆ 190 وڵات واژوویان کردووە.

ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکە ئامانجییەتی سنوورێک بۆ قەتیسبوونی گەرما و گۆرانکارییەکانی ئاووهەوا بەهۆی گازە ژەهراوییەکانەوە دابنێت، بەوەش دوو پلەی سەدی پلەی گەرمای هەسارەکە بهێنێتەخوارەوە تا کۆتایی ئەم سەدەیە.

پارێزەرانی ژینگە پێیانوایە شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا و کێشەکانی وزە گەورەترین پاڵنەرە بۆئەوەی وڵاتان ڕوو لە وزەی خاوێن بکەن و دەستبەرداری وزەی بەردین ببن.

لەوبارەیەوە ئەندرۆ فۆرست خاوەنی کۆمپانیای “فۆرتسکۆ فیوچەر” ڕایگەیاندووە، لەگەڵ کۆمەڵە کۆمپانیای ئەڵمانیی “A ONE” هاوکاریدەکان بۆ بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر زیاتر هایدرۆجینی سەوز بەجۆرێک جێگەی گازی ڕوسی بگرێتەوە، ئەوەش پێویستی بە ملیاران دۆلارە، تاوەکو وڵاتانی ئەوروپا لە وزاکانی ئاو، با و وزەی خۆر شوێنی وزەی بەردین پڕبکەنەوە.

بابەتی پێشتر

پارتی نیگەرانە لە ئاشكرابوونی ناكۆكییەكانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەک: فێربوونی مۆسیقا تەندروستیی مێشک بەهێزدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share