شارێكى عێراقیان تێدایه‌.. پێنج شاری گەورەی جیهان لەژێر هەڕەشەی نوقمبووندان

به‌پێی ڕاپۆرتێك كه‌ له‌لایه‌ن كۆڕبه‌ندى ئابوریی جیهانیی ساڵى 2022 ده‌رچووه،‌ پێش كۆتایی ئەم سەدەیە پێنج شاری گەورە نوقمی ئاو دەبن بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاووهەواوە.

كۆڕبەندەكە (ڕاپۆرتی مەترسییەكانی جیهان)ی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، هۆكاری ئەو ڕووداوە، كاریگەرییەكانی گۆڕانی دراماتیكیی ئاووهەوان وەك دیاردەی قەتیسبوونی گەرما و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای جیهان و توانەوەی سەهۆڵبەندانەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی زەریا و دەریاكان.

هه‌روه‌ها شاره‌كانى دیاریكردووه‌ كه‌ یه‌كێكێكیان عێراقییه‌.

بەسرە لە باشووری عێراق

ئەو شارەى عێراق، كە نزمترین ئاستی هەیە لەگەڵ ڕووی دەریا بە بەراورد لەگەڵ شارەكانی دیكەی عێراقدا، تۆڕێك لە كەناڵی ئاوی پاك و سازگاری هەبوون ئێستا پڕبوون لە زبڵ و خاشاك و گیراون، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریا و دەریاكان و كەنداوەكانیش لەگەڵیاندا و لەكاتی ڕوودانی هەر لافاوێكیش، ئەوا بەشێكی زۆری ئەم شارە دووچاری كارەساتی نوقمبوون دەبێتەوە.

بانكۆكی پایتەختی تایلەند

لێكۆڵینەوەكان ئاشكرایانكردووه‌ كە بانكۆك لە ساڵێكدا بە ڕێژەی دوو سانتیمەتر نوقمی ژێرئاوی دەریا دەبێت، ئەوە جگە لەوەی خوودی ئەو ناوچەیە هەموو ساڵێك دووچاری بارانبارینی بەلێزمە و سەرهەڵدانی لافاوی گەورەش دەبێتەوە، بۆیه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت، پێشبینیدەكرێت تا سنووری ساڵی 2050، نزیكەی 30% ئەو شارە ژێرئاو بكەوێت.

نیوئۆڕلیانز لە ئەمریكا

ڕاپۆرته‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌، بەپێی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی، نیوەی خاك و ڕووبەری شاری (نیوئۆڕلیانز) كە گەورەترین شارەكانی ویلایەتی لویزیانایە، نزمترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە هه‌روه‌ها لە ساڵی 2005دا كەوتەژێر شاڵاوی باهۆزی كاولكاری (كاترینا) و بووەهۆی گیانلەدەستدانی نزیكەی 2000 كەس.

ڤینیسیا لە ئیتاڵیا

هەر لە بنەڕەتەوە، شاری ڤینیسیا لەسەر 120 دوورگەی ئاست نزم بنیادنراوە، بەڵام ئێستا و بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا، ئاستی بەرزبووەوەی ئاو بەشێك لە ناوچەكانی نوقمدەكات و لە ڕوواڵەتەوە ئەمە بۆ گەشتیاران شتێكی ئاساییە، بەڵام بۆ دانیشتووانەكەی وانییە و لە داهاتووشدا بارودۆخەكەی مەترسیدارتر دەبێت.

كۆلكاتا لە هیندستان

ئەو شارە ساڵانه‌ دووچاری كێشە و گرفتی زۆر گەورە دەبێتەوە لە ڕوودانی لافاو بەهۆی بارانە وەرزییە بەخوڕەكان، بەڵام كێشەی گەورەی (كۆلكاتا) بریتییە لە تۆڕی ئاوەڕۆ و زێرابەكانی كە لە هیندستاندا بە كۆنترینیان دەژمێردرێن، هەر بۆیە پێشبینیدەكرێت لە ساڵی 2100دا ئاستی ئاوی دەریا وا بەرزببێتەوە تا ئەو ڕادەیەی تەواوی شاری (كۆلكاتا) نوقمدەبێت.

سەرچاوە CNBC Arabia

بابەتی پێشتر

قەرەسوو: ئازادكردنی ئۆجالان نزیكە

بابەتی دواتر

عێراق بڕیاریدا پشكه‌كانى ئیكسۆن مۆبێل بكڕێته‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share