ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماری جیابوونەوە و هاوسەرگری و تاوانەکانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە ڕێژەی جیابوونەوەی خێزان لە سەرجەم پارێزگاکان بەرزبووەتەوە.
لە ئامارەکەی ئەنجومەنی دادوەرییدا هاتووە، لە ماوەی ساڵی 2020دا لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و 144 هاوسەر جیابوونەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2021دا ئەو ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ هەشت هەزار و 810 جیابوونەوە.
ئامارەکە دەریدەخات، جیابوونەوەکان لە ساڵی 2020دا لە پارێزگای هەولێر سێ هەزار و 621 جیابوونەوە بوون، لە ساڵی 2021دا گەیشتووەتە چوار هەزار و 43 جیابوونەوە، لە سلێمانی لە ساڵی 2020دا سێ هەزار و دوو جیابوونەوە بووە و لە 2021دا زیادیکردووە بۆ چوار هەزار و 767 جیابوونەوە، لە دهۆک لە هەزار و 303 حاڵەتی جیابوونەوەوە زیادیکردووە بۆ هەزار و 796 حاڵەت، لە گەرمیان ژمارەکە لە 578 جیابوونەوەوە بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و 93 حاڵەت.
ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ساڵی 2020دا 46 هەزار و 929 هاوسەرگیری ئەنجامدراوە، ڕێژەکە لە ساڵی 2021دا بەرزبووەتەوە بۆ 54 هەزار و 837 هاوسەرگیری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
هەروەها ڕێپێدان بۆ ژنهێنانی دووەم لە ساڵی 2021دا لە پارێزگای هەولێر 73 حاڵەت، لە دهۆک 21 حاڵەت و لە سلێمانی حەوت حاڵەت بووە.