بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە لەبارەی پێدانی ژەمەڤاكسین لە مانگی ڕەمەزاندا دەدات، دەڵێت، “ژەمی سێیەمی ڤاكسین بە هاوڵاتیان دەدرێت، بەڵام بە مەرج “.
ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێشتر لە ڕەمەزاندا كەس ڤاكسین نەدەكرا، بەڵام ئێستا ڤاكسین دەدرێتە ئەو كەسانەی كە داوای دەكەن و ڕۆژانە بنكەكانی تەندروستیی تایبەت بە ڤاكسینی كۆرۆنا كراوەن.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی وتی، “هەموو كەسێك لە هەرێمی كوردستان بەڕۆژو نییە، بۆیە ئەو كەسانەی خوازیارن دەتوانن سەردانی بنكەكانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاكسین بكەن و ژەمەڤاكسین وەربگرن”.
ڕوونكردنەوەشی دا، “بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە تەنها كاتژمێرێك دەوامی كارمەندانی بنكەكانی ڤاكسینكردن كەمكراوەتەوە”.
ڕەهێڵ فەرەیدون باسی لەوە كرد، “هەر كەسێك دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتبێت، كارتی ڤاكسینی بۆ دەكرێت، ئەو كەسانەی دەیانەوێت ژەمی سێیەمیش وەرگرن، دەبێت لە دوای تێپەربوونی شەش مانگ بەسەر ژەمە ڤاكسینی دووەمدا، ژەمە ڤاكسینی سێیەم وەربگرن”.