ڕۆیتەرز: عێراق كەمتر لەو بڕەی بۆی دیاریكراوە نەوتی فرۆشتووە

لەكاتێكدا نەوتی هەناردەكراوی مانگی ڕابردووی عێراق 100 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، دەركەوتووە نەوتی هەناردەكراو كەمتربووە لەو ڕێژەیەی بەپێی ڕێككەوتنی ئۆپیك بۆ عێراق دیاریكراوە.

ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئەنجامی بەدواداچوونێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، 10 وڵاتە ئەندامەكەی ڕێكخراوی ئۆپیك، زۆر كەمتر لەو بڕەی بۆیان دیاریكراوە، نەوت هەناردە دەكەن.

بەپێی بەدواداچوونەكە، مانگی ئازاری ڕابردوو وڵاتانی ئۆپیك بە ڕێژەی 151% كەمتر نەوتیان فرۆشتووە، بەڵام مانگی شوبات 136% بووە.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا، وڵاتانی ئۆپیك ڕێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی نەوتی هەناردەكراویان و هەر وڵاتێك بە بڕێكی دیاریكراو، ئەوەش لەپێناو بەرزكردنەوەی نرخی نەوتدا بوو، بەڵام دواتر پشكی هەندێكیان گۆڕانكاری بەسەردا هات و ڕێژەیەكی كەم بۆ نەوتی هەناردەكراویان زیادكرا.

ڕۆیتەرز دەڵێت، “بەپێی ڕێككەوتنی ئۆپیك، عێراق دەیتوانی 44 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر هەناردەبكات، بەڵام 30 هەزاری زیادكردووە و بەوەش ڕۆژانە 14 هەزار بەرمیل نەوتی كەمتری فرۆشتووە.

ئەم هەواڵە لە كاتێكدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی ئازاردا عێراق 100 ملیۆن و 563 هەزار و 999 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کۆی داهاتی فرۆشتنی نەوتیش لەو مانگەدا گەیشتووەتە 11.7 ملیار دۆلار، ئەوەش بەرزترین داهاتە لە دوای ساڵی 1972ـەوە.

بابەتی پێشتر

تەرمی یەكێك لە گەنجە بێسەروشوێنەكانی ماوەت دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

لە ڕەمەزاندا خۆت لەم خۆراکانە بەدووربگرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share